رووسیا چه‌ند كۆمپانیایه‌كی كه‌رتی حكوومی ده‌فرۆشێت
K24 ـ مۆسكۆ:
به‌هۆی ئه‌و ته‌نگژه ئابوورییه‌ی رووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه، رووسیا چه‌ند كۆمپانیایه‌كی حكوومی به كه‌رتی تایبه‌ت ده‌فرۆشێت.
به‌مه‌به‌ستی خۆده‌ربازكردن له‌و قه‌یرانه‌ی تێیكه‌وتووه، رووسیا بڕیاریدا چه‌ند كۆمپانیایه‌كی حكوومی به كه‌رتی تایبه‌ت بفرۆشێت.
ڤلادیمێر پۆتین، سه‌رۆكى رووسيا، دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وڵاته‌كه‌ی مه‌رجه‌كانی فرۆشتنی چه‌ند كۆمپانیایه‌كی حكوومه‌ته‌كه‌ی به كه‌رتی تایبه‌ت ئاشكراكرد.
پۆتین گوتی: "پێویسته كۆمه‌ڵێك مه‌رج هه‌بێت و ئه‌وه‌ی بریاره كۆمپانیاكانی پێ بفرۆشرێت، ده‌بێت له‌سه‌ر خاكی رووسیا بمێنێته‌وه".
كۆمپانیاكانی نه‌وتی رووسیا، كۆمپانیای ئیلیكتریك رووس هایدرۆ، هه‌روه‌ها كۆمپانیایه‌كی فڕۆكه‌وانی، له‌و كۆمپانیا رووسیانه‌ن كه به بڕیارێكی حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته به كه‌رتی تایبه‌ت ده‌فرۆشرێن.
به گوێره‌ى لێدوانى به‌رپرسانى رووسيا، نزمبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وتی خاو له بازاڕه‌كانی جیهان و ئه‌و ئابڵوقه‌یه‌ی خراوه‌ته سه‌ر رووسیا له‌لایه‌ن وڵاتانی رۆژئاوا، دۆخێكی دژواری بۆ ئابووری رووسیا هێناوه‌ته‌كایه‌وه.