یه‌په‌گه دوو شارۆچكه‌ی له باكووری حه‌له‌ب كۆنتڕۆڵكرد
K24 – حه‌له‌ب:
روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، له‌سه‌ر داوای دانیشتوانه‌كانیان، یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه) دوو شارۆچكه‌یان له باكووری حه‌له‌ب كۆنتڕۆڵكردووه.
روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ده‌ست روانگه‌كه كه‌وتووه، له‌سه‌ر داوای دانیشتوانه‌كانیان، یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل شارۆچكه‌ی دێرجه‌مال و مرعناز له باكووری حه‌له‌ب كۆنتڕۆڵكردووه.
روانگه‌ی سووری هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "به‌مه‌به‌ستی خۆپاراستنیان له بۆردومانه‌كان و كۆنتڕۆڵنه‌كردنی ناوچه‌كانیان له‌لایه‌ن رژێمی ئه‌سه‌د، خه‌ڵكه‌كه ئه‌و دوو شارۆچكه‌یان راده‌ستی یه‌په‌گه كردووه".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ دوێنێ بڵاویكردووه‌ته‌وه: "هێزه‌كانی رژێمی سووریا و هاوپه‌یمانه‌كانی گوندی كه‌فه‌ین و نزیكه‌ی 1 كیلۆمه‌تر له ده‌وروبه‌ری گونده‌كه‌یان كۆنتڕۆڵكردووه كه 5 كیلۆمه‌تر له شارۆچكه‌ی ته‌ل ره‌فعه‌تی ستراتیژی دووره، به‌مشێوه‌یه‌ش هێزه‌كانی سه‌ر به ئه‌سه‌د نزیكه‌ی 25 كیلۆمه‌تر له سنووری توركیاوه نزیكبوونه‌ته‌وه".
روانگه‌ی سووری ئاشكرایكردووه: "سه‌رچاوه باوه‌ڕپێكراوه‌كان به روانگه‌كه‌یان راگه‌یاندووه، 2500 خێزان له باكووری حه‌له‌ب بردراونه‌ته شاری عه‌فرین (كه له ژێر ده‌ستی یه‌په‌گه‌دایه)، ئه‌و خێزانانه‌ی ئاره‌زووی مانه‌وه‌یان كردووه، به‌سه‌ر قوتابخانه‌كان و خێوه‌تگای رووباری په‌نابه‌راندا دابه‌شكراون، له هه‌مانكاتدا ئه‌وانه‌شی ویستوویانه بچنه رۆژئاوای حه‌له‌ب رێگایه‌كی سه‌لامه‌تی تێپه‌ڕبوونیان بۆ دابینكراوه".
پێش 3 رۆژ، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له سه‌ركردایه‌تی كوردییه‌وه له ناوچه‌ی عه‌فرین به روانگه‌ی سووریا‌ن راگه‌یاندووه: "یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل دیداریان له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی چه‌ند گرووپێكی چه‌كداری ئۆپۆزیسیۆنی سووریاكردووه له باكووری حه‌له‌ب، هه‌ردوولا رێككه‌وتوون په‌ناگه و شوێنی مانه‌وه بۆ ئاواره‌كانی گیرخواردوو له‌سه‌ر سنووری سووریا-توركیا دابین بكه‌ن".
ئه‌و سه‌رچاوانه بۆ روانگه‌كه دووپاتیانكردووه‌ته‌وه: "رێككه‌وتن كراوه رێڕه‌وێكی تێپه‌ڕبوونی سه‌لامه‌ت بۆ خانه‌واده‌ی ئاواره‌كانی هه‌ڵاتوو له شار و شارۆچكه‌كانی حه‌له‌ب له شاری ئه‌عزازه‌وه بۆ شاری عه‌فرین بكرێته‌وه، چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی خێرا بۆ نه‌خۆشه‌كانیان بكرێت، له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی زۆرترین ژماره‌ی ئاواره‌كان له عه‌فرین، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی ئاواره‌كانیش به سه‌رپه‌رشتی و له‌ژێر پاسه‌وانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل له عه‌فرینه‌وه بۆ شاری ئیدلیب بگوازرێنه‌وه".