نوێنەری ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان: ئێران ھەڕەشەیە بۆ ناوچەكە

ئیسرائیل: لابردنی گەمارۆكانی سەر ئێران دەستی ئەو وڵاتە بۆ پاڵپشتیی لە گرووپە چەكدارەكانی ناوچەكە كراوەتر دەكات
  • K24- ھەولێر:
  • نوێنەری ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، سامانتا پاوەر رایگەیاند، ھەرچەندە ئێران پابەندی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناوو‌كی بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی پەرە بە ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە دەدات، ئەمریكا بە ھەڕەشەی دەزانێت.

سامانتا پاوەر لە سەردانێكی بۆ ئیسرائیل سەبارەت بە رۆڵی ئێران لە ناوچەكەدا بە‌ ئاژانسی هه‌واڵی فەرەنسای گوت: "ھەرچەندە ئێران لە رۆژەكانی سەرەتای جێبەجێكردنیی رێككەوتنی ناووكی پابەندی ئەو رێككەوتنە بووە، بەڵام پەرەپێدانی ئەو وڵاتە بە ناكۆكییەكانی ناوچەکە بە مەترسیی دەزانین".

پاوەر گوتیشی: "بە ھۆی پشتیوانیی ئێران لە رژێمی بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییەكانی ناوچەكە (رۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، ئەمریكا ئێستاش ئەو وڵاتە بە ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیودەوڵەتیی دەزانێت".

نوێنەری ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان جەختی لەوە كردەوە: "ئێران ھەوڵدەدات، لە جێبەجێكردنی قۆناغ بە قۆناغی رێككەوتنی ناووكی شەفاف بێت و كێشە ئابوورییەكانی چارە بكات، بەڵام بە پاڵپشتیكردن لە سووریا و گرووپە تیرۆریستییەكانی ناوچەكە بەردەوام كێشە بۆ ئەمریكا دروستدەكات".

ھەر لە سەرەتای راگەیانی دەستپێكی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی زلھێز، ئیسرائیل بەردەوام دژایەتی ئەم رێككەوتنەی كردووە و رێبەرانی ئیسرائیل ئەو رێككەوتنە بە ھەڕەشەی جدی لە لایەن ئێرانەوە بۆ سەر وڵاتەكەیان دەزانن.

سەرۆك وەزیری ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھۆ، لەو بڕوایە دایە، لابردنی گەمارۆكانی سەر ئێران دەستی ئەو وڵاتە بۆ پاڵپشتیی لە گرووپە چەكدارەكانی ناوچەكە بە تایبەت حزبوڵڵای لوبنان كراوەتر دەکات.

وەرگێڕان: لەیلا قادریی