جێب بۆش هه‌ڵمه‌تی خۆی لە هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ڵپه‌سارد
K24- هه‌ولێر:
دوای سەرنەکەوتنی له هەڵبژاردنی ركابه‌رەکانی پارتی كۆماریی ئەمریکا له ویلایه‌ته‌كانی ئه‌یوا، ساوت كارۆلاینا و نیوهامشێر، جێب بۆش کوڕی جۆرج بۆش و برای جۆرج دەبلیو بۆش، هه‌ڵپه‌ساردنی هه‌ڵمه‌تی خۆ کاندیدکردنی راگه‌یاند.
جێب بۆش، دەسەڵاتداری پێشووی ویلایه‌تی فلۆریدا و برای جۆرج بۆشی كوڕ، سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مریكا، كاریگه‌ریی ئه‌و ئه‌نجامه خراپانه‌ی به‌سه‌ره‌وه دیاربوو، له ویلایەتی كۆڵۆمبیا گوتی: "گه‌لانی ئه‌یوا، نیوهامشێر و ساوت كارۆلاینا رای خۆیان گوت، به راستیی منیش رێز له‌و رایه‌یان ده‌گرم".
ئاژانسی رۆیته‌رز رایگه‌یاند: "به هه‌ڵپه‌ساردنی هه‌ڵمه‌تەکەی لە هەڵبژاردنەکان هیواكانی جێب بۆش كۆتاییانهات به‌وه‌ی ببێته سێیه‌م كه‌س له خێزانه‌كه‌ی له دوای باوكی و براكه‌ی، پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا وه‌ربگرێ".
ئەمە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترامپ، له هه‌ڵبژاردنی نێوخۆیی كۆمارییه‌كان له ویلایه‌تی ساوت كارۆلاینا سه‌ركه‌وت، هاوكات هیلاری كلینتۆن، وه‌زیری پێشووی دەرەوەی ئه‌مریكا، له هه‌ڵبژاردنی نێوخۆیی دیموكراته‌كان له ویلایه‌تی نێڤادا، پێش بێرنی سانده‌رزی ركابه‌ره‌كه‌ی كه‌وته‌وه.
به‌گوێره‌ی رۆیته‌رز، بە سه‌ركه‌وتنی دۆناڵد ترامپ له ویلایه‌ته‌كانی ساوت كارۆلاینا و نیوهامشێر، هه‌روه‌ها پێشكه‌وتنی له 13 ویلایه‌تی دیكه، ده‌توانرێ بگوترێ ئه‌و به چانسترین كه‌سه ببێته پاڵێوراوی كۆمارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا، كه بڕیاره له 8 مانگی تشرینی دووه‌م 2016 بەڕێوەبچێ.
هه‌ر به‌گوێره‌ی ئاژانسەکە پێده‌چێ ركابه‌رییه‌كانی نێو پارتی دیموكراتیی ئه‌مریكا، درێژه بكێشێ، به تایبه‌تیی كه هیلاری كلینتۆن به جیاوازییه‌كی كه‌م له ویلایه‌تی نێڤادا به‌سه‌ر بێرنی سانده‌رزی ركابه‌ره‌كه‌ی سه‌ركه‌وتووه، له به‌رامبه‌ردا سانده‌رز له ویلایه‌تی نیوهامشێر سه‌ركه‌وتووه، له ویلایه‌تی ئه‌یواش به توندیی ركابه‌ریی كلینتۆن كردووه و پله‌ی دووه‌می به‌ده‌ستهێناوه.
و: موحسین حوسێن