پاڵەوانێتی یاریی شەترنج لە نێو سەھۆڵاو بەڕێوەدەچێت

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/4285823d-de14-4a2c-8133-ac151fc32f2e/RUSSIA-COLD%20WATER.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

مەلەوان و گەشتیارانی وەرزی زستانە لە رووسیا بۆ ئەوەی توانا و بەرگریی خۆیان لە سەرما تاقی بکەنەوە لە ناوچەی ئۆراڵ لەناو شەختە و سەھۆڵدا پاڵەوانێتی شەترەنجیان رێکخست.

دێنیز، بەشداربوویەکی پاڵەوانییەکەیە، پێیوایە، ئەم یارییە بۆ بەھێزکردنی مێشک و جەستەی مرۆڤ و زیادکردنی بەرگریی مرۆڤ لە بارودۆخە سەختەکاندا گرنگە و لەمبارەوە دەڵێ:

"گرنگیی ئەم پێشبرکێیە لەوەدایە جیا لەوەی بیر لە یارییەکە دەکەیتەوە دەبێ ورە بدەیتە بەر خۆت و بەرگەی ئەم سەرمایەش بگریت، بەمەش بۆت دەردەکەوێ کە توانای لاشەت چەندە."

پێشبرکێی شەترەنجی زستانە لە دەریاچەی شارتاش لە ناوچەی ئۆڕاڵ لە رۆژھەڵاتی یاکاترینبێرگ دوای چەندین ساڵ لە راوەستان دەستیپێکردەوە. رۆمان پێشبرکێ کارێکی دیکەیە، دەڵێ: "ئەوەندە زەحمەت بوو تا ھاتمە ناو ئاوەکەوە یاریکردن لە سەھۆڵاودا وات لێ دەکا زیاتر ئاگات لە خۆت بێت و تەکنیکی نوێ بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی زیاتر لە لە ئاوەکەدا نەمێنیتەو، ئەگەر خەریکی یاریش بیت ئەوە باشتر زۆر بیرت بەلای سەرماکەوە نامێنێ، ئەوەندە ئەستەمە بێیتە ناو ئاوەکە کە پێشبرکێکە دەستیپێکرد ئیتر ناچاری لەگەڵی بڕۆی."

بیرۆکەی ئەم یارییە بۆ سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت دەگەرێتەوە کە پێشتر لە ناو بەفر و سەرمادا چەندین یاریی جۆر بەجۆریان ئەنجامداوە.

ڤاسیلی پێشبرکێکار: "بیرۆکەی ئەم یارییەمان بیرۆکەیەکی بیانیی نییە. ھەندێک دۆکیۆمێنتمان دۆزییەوە کە باسی لەوە دەکرد لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا ئەم یارییەیان ئەنجامداوە، یەکێک لە ھاورێکانمان پێی باش بوو ئەم یارییە زیندو بکەینەوە ئێمەش پشتگیریمان کرد".

لە یاریی شەترەنجدا ئەوەی کە بەرامبەرەکەت زۆر بێزار دەکات ھێواشیی و درەنگ جووڵە کردنە، بەڵام لەم یارییەدا تەواو پێچەوانەیە بەھۆی ساردیی ئاوەکەوە ھەر یاریزانێک ناچارە جوڵەکانی لە کەمترین ماوەدا ئەنجامبدات. بەشێوەیەک ھەر یارییەک 10 خوولەک زیاتر ناخایەنێت.

داڕشتنەوە: شنۆ محەممەد