پێشمەرگە له‌ شه‌ڕی داعشدا رۆڵێكی سەر سووڕھێنەری بینیووە

كونسوڵى بريتانيا له‌ هه‌ولێر:
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

ئەنگوس مەككی، كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەرێمی كوردستان لەمیانەی ھەڤپەیڤینێك لە كوردستان 24 رایگەیاند، پێشمەرگە رۆڵێكی سەر سووڕھێنەری بینیووە لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا.

ئەنگوس مەككی گوتی: "ھەروەكو دەزانن ئێستا مانگی شوباتی 2016 پێم وایە ئەم ساڵ ساڵێكی زەحمەت دەبێت، لەوكاتەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوە تاقیكردنەوەی دیكە لە بەردەم دایە، بۆیە زۆر گرنگە پارتە سیاسییەكان و حكوومەتی عێراق و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێكەوە گفتوگۆبكەن و ھاووڵاتیانی عێراق پێكەوە رووبەڕووی ئەو قەیرانە داراییە ببنەوە، بەریتانیا بەردەوام ھاوكاری عێراق و ھەرێمی كوردستان دەكات، ھەوڵدەدەین پەیوەندییەكانمان بەھێزتر بكەین".

ئەنگوس مەككی دەشڵێت: " گەورەترین تەحەدا ئێستا لە ناوچەكەدا داعشە، چونكە داعش مەترسییە بۆ سەر سەقامگیری ئاسایشی تەواوی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیھان وتەوای دانیشتوانی جیھان جا لە ھەولێر بژیت یا لەندەن، داعش ھەڕەشەیەكی ھاوبەشە كە پێویستی بە ھەوڵێكی ھاوبەشیشە بۆ لەناوبردنی ئەمەش پێویستی بە ھەوڵی سەربازیی و ھەوڵی یەكگرتوویی سیاسیی ھەیە، پێویستە ئایدۆلۆژیایی داعش لەناو ببرێت و كاربكرێت بۆ وشككردنی ئەو سەرچاوە داراییانەی كە داعش پشتیان پێدەبەستێت، پێویستە ئەو ناوچانەی كە لە دەست داعش رزگار دەكرێن ھەوڵبدرێت ھەستی تەبایی بچێنرێت و نەتەوە جیاجیاكانی ئەو ناوچانە زیاترلێك نزیك بكرێنەوە، ئەوەش تەحەدایەكی گەوەرەیە پێویستی بەھەوڵی ھاوبەشی بەغدا و ھەولێرە دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوكاربێت لەو بابەتە، ئەوەش كارێكی زەحمەتە، بەڵام ئێمە و ئێوەش توانیوومانە بەرەو پێش بچین".

ئەنگوس مەككی گوتیشی: "پێشمەرگە رۆڵێكی سەر سووڕھێنەری بینیووە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، ھەروەھا سوپای عێراق و ھەندێ لە ھێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا رۆڵی كارایان بینیووە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، ئەو شەڕە پێویستی بە ھەوڵی ھاوبەشی ھەموو لایەنەكانە، زۆرگرنگە ھەماھەنگی بەردەوام لە نێوان ھێزەی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق ھەبێت، ئێمە وەكو بەریتانیا و ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە زۆر رووەوە ھاوكاریان دەكەین، بەتایبەت ئێمە بەردەوامین لە مەشق و راھێنان بە ھێزەكانی پێشمەرگە، ئەوە ھەر بۆبەرزكردنەوەی ئاستی پێشمەرگە نیە بەڵكو بۆ ئەوەشە تا بتوانین ئەو بۆمبانە پووچەڵبكەینەوە كە داعش دایناون".

ئەنگوس مەككی گوتی: " ھێرشە ئاسمانییەكانی بەریتانیا و ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی رۆڵێكی كاراییان ھەبووە، بەریتانیا لە دوای ئەمریكاوە دێت لە ھێرشە ئاسمانییەكان و دابینكردنی ھێزەی ئاسمانی لە دژی داعش و دابینكردنی  زانیاریی ھەواڵگری و كەلوپەلی سەربازی و چەك وتەقەمەنی، پاڵپشتی و ھاوكاری نێودەوڵەتی ھەیە بۆ شەڕی داعش كە لە پایزی 2014 دەستیپێكردووە و بەردەوامە".

كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە ھەرێمی كوردستان گوتیشی: "ھەموو ئەو ھاوكاریانەی من باسمكردن پێشكەش بە پێشمەرگە كراوە، ئەو ھاوكارییانە لەلایەن بەریتانیاوە بێت یا وڵاتانی دیكە دابینكراوە، ئەو ھاوكارییانە لە ساڵی 2014 تا ئێستا بەردەوامی ھەیە، بەمەش ھێزەی پێشمەرگە توانیوویەتی لەماوەیەكی كەمدا پێشڕەوييه‌كی زۆر ئەنجام بدات و ناوچەیەكی زۆر لە دەستی داعش رزگاربكات، بەتایبەت لەم داواییانە، ئازادكردنەوەی ناوچەی شنگال ھاوكارییەكانی ھێزەكانی ھاوپەیمانان بە ھەماھەنگی حكوومەتی عێراق رۆڵێكی گرنگی ھەبووە لەو پێشڕەویانە، ھەموو ئەو ھاوكاری و چەك وتەقەمەنیانەیی كە بەھێزی پێشمەرگەی كوردستان دراون ئەوا دەریدەخات كەوا ھەماھەنگی لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و حكوومەتی مەركەزی دەردەخات لەبارەی تاقیكردنەوەی داھاتوو كە تاقیكردنەوەیەكی گرنگە لەبارەی ئازادكردنەوەی مووسڵ وتەواوی پارێزگای نەینەوایە ئێمە خۆشحاڵین بە بەھێزبوونی ھەماھەنگی عێراق و ھەرێم كە پێویستە".

ئەنگوس مەككی لەبارەی سووریاوە گوتی: "جێگەی خۆشحاڵییە لە سووریا دانووساتانەكان دەستیانپێكردووە، كۆبوونەوەكانی جنێڤ بەردەوامیان ھەیە، پێویستە گۆڕینی سیاسیی لە سووریا رووبدات، گۆڕینێك كە گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سووریای تێدا بێت و نوێنەرانی كوردی لەو كۆبوونەوانەدا ھەن، ئەنجوومەنی نیشتیمانی كوردی شان بەشانی لایەن ئۆپۆزسیۆنەكانی سووریا بەشداری كۆبوونەوەكانن، نابێت ئەوە لەبیركەین كۆبوونەوەكان لە جنێڤ دەكرێن بەڵام شەڕو و كوشتاری لە سووریا بەردەوامە".

ئەنگەس مەككی لەبارەی حكوومڕانی كورد گوتی: " ھەر كاتێك ساڵیادێك دێتەوە مرۆڤ بیر لەو رۆژانە دەكاتەوە كە ئەو رووداوە تیایدا روویداوە، 25 ساڵ لەمەو بەر شەڕی كەنداو بوو، لە دوای ئەو جەنگە توندوتیژییەكان بوون كە لەدژی كوردەكان كران، ئەو توندوتیژییانە بوونە ھۆكاری دروستبوونی ھەرێمی دژە فڕین لەو ناوچەیە، بەریتانیا رۆڵی بەرچاووی ھەبوو لەو كارە و ئەو دەستكەوتانەیی كە ھەرێمی كوردستان ھەیەتی لە چەند ساڵی رابردوو دا بەدیھێناوە، كاتێك من لە ساڵی 2014 ھاتمە كوردستان سەرسام بووم لەو بیناسازییەو و پێشكەوتنەیی لە ھەرێمی كوردستان لە دوای رووخانی رژێمی سەدام كراوە، ھەرێم توانیوویەتی داموودەزگا سیاسییەكانی بنیات بنێت، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیە ناكۆكی چەند مانگی رابردووی نێوان پارتە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستانە كە كاریگەری لە سەر داموو دەزگاكان داناوە ئەمەش جێگەی داخە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشحاڵم كە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان ھەوڵی نزیك بوونەوە دەدەن".

ئەنگوس مەككی لەبارەی قەیرانی ئابووریی ھەرێمی كوردستان گوتی: "ئابووریی ھەرێمی كوردستان پشتی بە داھاتی نەوت بەستووە، نزمبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەری ھەبووە لە سەر قوڵبوونەوەی ئەو قەیرانە داراییە، ئەو قەیرانە گرفتی دیكەی دەرخستووە كەرتی حكوومەت زۆر فراوانە پێویستە وەك ھەر وڵاتێكی دیكە كەرتی تایبەتی فراوان بكرێت و ھەڵی كاركردنی زیاتر لەو كەرتە ھەبێت، ئەوە تاقیكردنەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەبێت مۆدێلێكی سەركەوتوو بدۆزنەوە بۆ سەركەوتن لە  قەیرانی دارایی".

داڕشتنەوە: شنۆ محەممەد