نووسەرێكی تورك:سەدەی بیست و یەك سەدەی كوردانە

"ھەرێمی كوردستان دەخوازێت بە رێگەی ئاشتیی سەربەخۆیی بە دەست بێنێ"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/854fb26f-bd17-424f-ac29-0b532e9d2e77/BasNewsKonferans.ism/manifest

K24 - ئەنقەرە:

لە بارەی گۆڕانكارییەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان نووسەرێكی تورك رایگەیاند، سەدەی بیست و یەك سەدەی كوردانە.

ئالی بایرائۆغلو، نووسەری دیاری تورك لە میانی بەشداریكردنی لە پانێڵێك لە بارەی گۆڕانكارییەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست كە دەزگای باس لە ئەنقەرە رێكی خستووە گوتی: "سەدەی بیست و یەك سەدەی كوردانە، ھیچ كەسیش ناتوانێت ئاستەنگیی بۆ دروست بكات".

بیلال سامبوور، یەكێكی دیكەیە لە نووسەرە ناسراوەكانی توركیا لەو پانێڵەدا رایگەیاند: "ھەرێمی كوردستان دەخوازێت بە رێگەی ئاشتیی سەربەخۆیی بە دەست بێنێ، نەك بە شەڕ و ئاڵۆزیی".

چەندین نووسەر و رۆشنبیری كورد بەشداریان لەو پانێڵەدا كردوە، فەیسەڵ داغڵی، وەك نووسەرێك كورد لە بابەتەكەیدا ھێمای بۆ ئەوە كرد: "زۆر باس لەوە دەكرا كە كورد خۆیان بەڕێوەببەن، بەڵام ئەمڕۆ رەوشەكە گۆڕاوە و سنوورەكانی كورد دەپارێزرێن".

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) سەبارەت بە ئامانجی سازكردنی ئەو پانێڵە لە ئەنقەرە بۆتان تەحسین، سەرۆكی ئەنجوومەنی دەزگای باس، رایگەیاند: "بە پێویستمان زانی لەسەر ئەو بابەتە پانێڵێك لە ئەنقەرە سازبكەین، پلانمان ھەیە بۆ رێكخستنی كۆنفرانس و پانێڵی دیكە لە ئەنقەرە".

ئەوە لە كاتێكدایە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان، ئێستا یەكێكە لە پرسە گەرمەكانی ناوچەكە و مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، كار بۆ بە دەستھێنانی پشتیوانیی زیاتری راگەیاندنی سەربەخۆیی دەكات.

داڕشتنەوە: ھ . م