3000 پەنابەر لە ئەڵمانیاوە گەڕاونەتەوە

"200 هەزار خێزان لە عێراقەوە روویان لە ئەوروپا کردووە"

K24- هەولێر

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند 3000 پەنابەری عێراقیی لە ئەڵمانیاوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و 200 هەزار خێزان لە عێراقەوە روویان لە ئەوروپا کردووە.

دەرباز محەممەد، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا راشیگەیاند: "ئاماری ورد لە بارەی ژمارەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا لا نییە، بەڵام لە ماوەی رابردوودا 3000 پەنابەر لە ئەڵمانیاوە گەڕاونەتەوە".

دەرباز محەممەد گوتیشی: "بەپێی رێکخراوی نێودەوڵەتی (کۆچبەران) ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە لە عێراقەوە روویان لە ئەوروپا کردووە گەیشتووەتە نزیکەی 200 هەزار خێزان".

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەشی کرد کە: "پێش چەند رۆژێک فڕۆکەیەک لە فنیلەنداوە و فڕۆکەیەکی دیکەش لە تورکیاوە گەیشتنە (بەغدا) ژمارەیەک پەنابەریان هێنایەوە وڵات و 600 پەنابەر بە رێگەی تورکیاوە بە خواستی خۆیان گەڕاونەتەوە عێراق".

دەرباز محەممەد ئەوەشی خستەڕوو کە: "لە کۆی 710 هەزار خێزانی ئاوارە 102 هەزار خێزانیان گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان کە لە بندەستی چەکدارانی داعش رزگار کراون"، ئاشکراشی کرد کە: "608 هەزار خێزانی ئاوارە (لە عێراق) تا ئێستا نە گەڕاونەتوە ناوچەکانیان".

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق باسی لەوەش کرد کە: "لە کۆی ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان 80 خێزان گەڕاونەتەوە پارێزگای سەڵاحەدین و 18 هەزار خێزانیش گەڕاونەتەوە  پارێزگای دیالە و 4000 خێزانیش گەڕاونەتەوە چەند ناوچەیەکی پارێزگاکانی ئەنبار و کەرکووک".

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتیشی: "هەماهەنگیی و پلانی تۆکمە داڕێژراوە لەگەڵ فەرماندەیی هەڵمەتەکانی نەینەوا و رێکخراوە هاوکارەکانی ئاوارەکان بۆ خۆئامادەکردن بۆ هاتنی ئاوارەی زیاتر لە پارێزگای نەینەوا هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتی رزگارکردن لەو پارێزگایە و رێگە بۆ ئاوارەکان دیار کراوە لە پارێزگای نەینەوا و ناوچەکانی نزیکی شارۆچکەی مەخموور".

ئا: ئا، ف