ئێران بانگهێشتى كۆمپانياى بۆينگ ده‌كات

کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسانی کۆمپانیای فڕۆکەسازیی بۆینگی ئەمریکییان بانگهێشتی ئێران کردووە.

K24 – هه‌ولێر:

کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسانی کۆمپانیای فڕۆکەسازیی بۆینگی ئەمریکییان بانگهێشتی ئێران کردووە.

عەباس ئاخوندی، وەزیری رێگا و شارسازیی ئێران ئاشکرایکرد، لە پاش رەزامەندی حکوومەتی ئەمریکا لەسەر پەیوەندیی نێوان کۆمپانیای فڕۆکەسازیی بۆینگ و کۆماری ئیسلامیی ئیران، تاران بەرپرسانی ئەو کۆمپانیایەى بۆ ئێران بانگهێشتکردووه‌.

ئاخوندی بە ئاژانسی هەواڵی تەس نیمی راگەیاندووە، بەرپرسانی بۆینگ بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەسەر کڕینی فرۆکەکانی ئەم کۆمپانیایە لە لایەن ئێرانەوە سەردانی تاران دەکەن.

کۆماری ئیسلامیی ئیران پێشتر گرێبەستێکی بە بڕی 25 ملیار دۆلار بۆ کڕینی 118 فڕۆکە لەگەڵ کۆمپانیای فەرەنسیی ئێرباس واژوو کردووە.