سه‌رۆكی كۆریای باكوور بۆ سوپا: ئاماده‌بن بۆ به‌كارهێنانی ئه‌تۆمیی
K24 – هه‌ولێر:
كیم جۆنگ ئۆن سه‌رۆكی كۆریای باكوور فه‌رمانیداوه بۆ به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمیی وڵاته‌كه‌ی له ئاماده‌باشیدابێ، هه‌روه‌ها بارودۆخی سوپا بۆ "باری هێرشبردنی خۆپارێزیی" بگۆڕدرێ.
ئه‌و لێدوانانه‌ی سه‌رۆكی كۆریای باكوور كه ئاژانسیی هه‌واڵی ناوه‌ندیی فه‌رمیی كۆریا بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئاڵۆزتركردنی بارودۆخی نیمچه دوورگه‌ی كۆریا.
كیم جۆن ئۆن گوتوویه‌تی: "پێویسته كۆریای باكوور هێزه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی له رووی بڕ و جۆره‌وه به‌هێزتر بكا".
دووپاتیشیكرده‌وه: "پێویسته كڵاوه ئه‌تۆمییه‌كان كه بۆ به‌رگریكردن له وڵات بڵاوكراونه‌ته‌وه له باری ئاماده‌باشیدابندرێن تا له هه‌ر ساتێك‌دا بۆ ته‌قاندن ئاماده‌بن".
ئه‌وه‌شی گوت: "ئێستا كاتیی ئه‌وه هاتووه بارودۆخی سوپا له هه‌موو لایه‌نه‌كاندا له باری دژه هێرش بۆ باری هێرشی خۆپارێزیی بگۆڕین".
لای خۆیه‌وه گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا (پێنتاگۆن) وه‌ڵامی ئه‌و قسانه‌ی سه‌رۆكی كۆریای باكووری دایه‌وه و رایگه‌یاند: "پێویسته بیۆنگ یانگ خۆی له كاره ئیستیفزازییه‌كان به‌دوور بگرێ كه ده‌بنه هۆی زیادبوونی گرژییه‌كان".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "له‌بری ئه‌و كاره ئیستیفزازییانه با كۆریای باكوور به ئه‌مه‌ك بێ به‌رامبه‌ر پابه‌ندبوون و به‌ڵێنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی".
پێشتر كۆریای باكوور هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی هێرشی خێرا و پێشوه‌خته‌ی له دژی دوژمنه‌كانی كردووه له نێویشیاندا كۆریای باشوور و ژاپۆن و ئه‌مریكا.
رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیی سزای نوێی توندیی خسته سه‌ر كۆریای باكوور كه به‌هۆی پڕۆگرامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی په‌راوێزخراوه.
ناوه‌ندێكی توێژینه‌وه‌كان كه باره‌گاكه‌ی له ئه‌مریكایه رایگه‌یاند: "به‌مدواییانه مانگێكی ده‌ستكردی بازرگانی چه‌ند وێنه‌یه‌كی گرتووه، ئه‌وه نیشانده‌ده‌ن له وێستگه‌ی سۆهای بۆ هه‌ڵدانی مانگه ده‌ستكرده‌كان له كۆریای باكوور چالاكیی هه‌یه".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "له‌وانه‌یه ئه‌و چالاكییه له چوارچێوه‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بێ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی بزوێنه‌رێكی مووشه‌كی".
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز، و: م.ح