فینلەندا دوو پەنابەری عێراقی بە تۆمەتی داعش بوون دادگای دەكات

ھەردوو پەنابەرەکە، ئەو تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە و رایانگەیاندووە، ئەوان لە دژی رێکخراوی داعش لە عێراق شەڕیان کردووە.

K24 - ھەولێر:

داواکاری گشتی فنلەندا، دوو پەنابەری عێراق تۆمەتبار کردووە بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە عێراق لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2015 دا.

بەگوێرەی میدیاكانی فینلەندا ، رۆژی سێشەممە جوا میکۆ ھامالاینن، داواکاری گشتی شاری ھێلسنکی پایتەختی فنلەندا رایگەیاند، کە ئەو دوو پەنابەرەی عێراق ساڵی رابردوو روویان لە وڵاتەکەیان کردووە، تۆمەتبارن بەوەی سەربازی عێراقیان کوشتووە و بڕیارە لەکۆتایی ئەم مانگە ھەردوو پەنابەرە عێراقییەکە دادگایی بکرێن.

بەڵام ھەردوو پەنابەرەکە، ئەو تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە و رایانگەیاندووە، ئەوان لە دژی رێکخراوی داعش لە عێراق شەڕیان کردووە.

ئەوە دووەم کەیسی پەنابەرانی عێراقییە لەماوەی ساڵی رابردوودا، کە بەرپرسانی فنلەندی پەنابەری عێراقیان رادەستی دادگا کردووە، بەتۆمەتی ئەوەی لە ریزەكانی داعش شەڕیان کردووە، دژ بە ھێزە عێراقییەكان.

دوای ئەوەی لە حوزەیرانی 2014 داعش رووی لە عێراقكرد، چەندین كەس چوونە پاڵ ئەو رێكخراوە و دژ بە ھێزەكانی عێراق شەڕیاندەكرد، چەندین جار بەرپرسانی یەكێتیی ئەوروپا ھۆشداریاندا لەوەی چەندین چەكداریی داعش لەگەڵ لێشاوی كۆچبەران روویان لە وڵاتانی ئەوروپا كردووە.

داڕشتنەوە: ش،م