كورد له‌ سووريا پڕۆژه‌يه‌كى سياسى نوێ ده‌خاته‌ڕوو

هێزه‌ كوردييه‌كانى رۆژئاواى كوردستان، دواى ئه‌زموونكردنى زياتر له‌ 5 ساڵ له‌ مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ره‌وشى شۆڕشى سووريا، له‌ ئێستادا هاتوونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و بڕوايه‌ى داواى سيستمى فيدراڵى بكه‌ين.

K24 – هه‌ولێر:

هێزه‌ كوردييه‌كانى رۆژئاواى كوردستان، دواى ئه‌زموونكردنى زياتر له‌ 5 ساڵ له‌ مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ره‌وشى شۆڕشى سووريا، له‌ ئێستادا هاتوونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و بڕوايه‌ى داواى سيستمى فيدراڵى بكه‌ين.

گوته‌بێژى پارتى يه‌كێتى ديموكراتى كورديى له‌ سووريا، نه‌واف خه‌ليل، به‌ ئاژانسى ئه‌سۆشێيتيد پرێسى راگه‌ياند، ئه‌وان نايانه‌وێت هه‌رێمێكى تايبه‌ت به‌ كورد هه‌بێت، به‌ڵكو ده‌يانه‌وێت له‌گه‌ڵ هه‌موو پێكهاته‌كانى ديكه‌دا، به‌ شێوه‌ى فيدراڵى بژيين.

توركيا له‌ پێشه‌وه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌يه‌ كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ دژايه‌تى درووستكردنى هه‌رێمێكى كورديى له‌ باكوورى سووريا (رۆژئاواى كوردستان)دا.

له‌ كۆتايى كۆنگره‌ى كورديى، كه‌ له‌ ناوچه‌ى رمێلانى پارێزگاى حه‌سه‌كه‌ سازكرا، لايه‌نه‌كان گه‌يشتنه‌ ئه‌و بڕياره‌ى داواى هه‌رێمێكى فيدراڵى بكه‌ن.

رووسيا له‌و بڕوايه‌دايه‌، ئه‌و پرسه‌ ده‌كرێت قسه‌ى له‌ باره‌وه‌ بكرێت، به‌ڵام رۆژى دووشه‌ممه‌ى ئه‌م هه‌فته‌يه‌، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى سووريا وه‌ليد موعه‌ليم رايگه‌ياند، حكومه‌تى ديمه‌شق به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك بژارى فيدراڵى ره‌تده‌كاته‌وه‌.

پێشتريش، سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا پشتيوانيى خۆى بۆ سيستمى فيدراڵى له‌ رۆژئاواى كوردستان و سووريا ده‌ربڕى بوو.