سوپای تورکیا رەتیدەکاتەوە نیازی کۆدەتای هەبێ بەسەر ئەردۆغان

سوپای تورکیا بە درێژایی زیاتر لە نیو سەدە کۆدەتای کردووەتە سەر دەسەڵاتی مەدەنی لە تورکیا

K24-هەولێر

سوپای تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە رەتیکردەوە نیازی ئەنجامدانی کۆدەتای هەبێ بۆ لە کارلابردنی سەرۆک کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کە چەند لایەنێک بە ستەمکاری ناودەبەن.

دەستەی سوپاسالارانی تورکیا ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا کە ناوەڕۆکی لە ماڵپەڕی فەرمیی دەستەکە بڵاوبووەتەوە رایگەیاند: "پابەندبوون و گوێرایەڵیی بێ مەرج و تاکە هێڵێکی فەرماندەیی بناغەی هێزە چەکدارەکانی تورکیایە" و گوتی: "ناکرێ باس لە هەنگاوێکی ناشەرعیی بکرێت لە دەرەوەی هەیکەلییەتی فەرماندەیی یان رووبەڕووبونەوەوی مەترسیی".

بەڵام سوپای تورکیا ئەو سەرچاوە رۆژنامەوانییانەی ئاشکرسا نەکرد کە لە راگەیەندراوەکەیدا وەڵامیانی داوەتەوە و گوایە دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە سوپای تورکیا بە نیازی کۆدەتایە بەسەر سەرۆک کۆمار، بەڵام بەڵین دەدات پەنا بەرێتە بەر دادگا دژی هەر لایەنێک زانیاریی نادروست بڵاوبکاتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە وتاری توێژەرێکی ئەمریکی و بەرپرسی پێشوو لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، مایکڵ رۆبن کە لە گۆڤاری نیوزویک بڵاوی کردەوە بە ناونیشانی (ئاخۆ کۆدەتایەکی لە دژی ئەردۆغان لە تورکیا روودەدات" مشتومرێکی زۆری لە دەرەوەی تورکیا بەدوای خۆیەوە هێنا.

سوپای تورکیا کە دووەم سوپایە لە نێو پەیمانی (ناتۆ) لە رووی ژمارەی سەربازانەوە دوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ساڵانی 1960 و 1971 و 1980 کۆدەتای لەدژی حکوومەت و ئیسلامییەکان لە دەسەڵاتدا ئەنجامداوە

ئا: ئا ، ف