دانیشتوانی قوبرس ھیوا خوازن نەریتە ھاوبەشەكان لەیەكتریان نزیك كاتەوە

ھەلومی پەنیرێكی خوێداری تایبەت بە دوورگەی قوبرسە، سەدان ساڵ بەر لە ئێستا بۆ یەكەمجار ئەم پەنیرە لە دوورگەكە دروست كراوە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/d75e1f52-732f-4ee8-9697-d9bf8b65459c/soft-Qubrs-yakgrtnawa-panir.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

ھەردوو بەشی دوورگەی قوبرس شانازی بە بەھا ھاوبەش و كولتوورییەكانیان دەكەن و حەزیش دەكەن ئەو بەھا و نەریتانەیان رۆڵی ھەبێت لە نزیككردنەوەی ھەردوو بەشە توركی و یۆنانییەكە.

ھەلومی پەنیرێكی خوێداری تایبەت بە دوورگەی قوبرسە، سەدان ساڵ بەر لە ئێستا بۆ یەكەمجار ئەم پەنیرە لە دوورگەكە دروست كراوە و دانیشتوانی ھەردوو بەشی قوبرسی یۆنانی و توركی ھیوا دەخوازن ئەو نەریتە نیشتمانی و ھاوبەشەیان رۆژێك لە رۆژان یەكیان بخاتەوە. 

ئەحمەد سۆزەن، شارەزا لە زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی قوبرس دەڵێت: " پەنیری ھەلومی سومبولی دوورگەكەی ئێمەیە، سەدان ساڵە تورك و یۆنانییەكانی دوورگەكەمان دروستی دەكەن، بەرھەمێكی كولتووری تایبەت بە قوبرسییەكانە، ھیوادارم بەھا ھاوبەشەكانمان بەفیڕۆ نەچێت و بەرەو یەكگرتنەوەمان ببات".

ھەلومی بەرھەمێكی پڕ بایەخە، لە ساڵی  2015دا لە قوبرسی یۆنانی  بەبەھای زیاتر لە 105 ملیۆن دۆلار پەنیرەكە ھەناردەی دەرەوە كراوە، بەڵام لەبەشە توركییەكەی %25 ھەناردەكردن پێكدێنێت، جیاوازی ھەلومی لەوەدایە، بەھەمان شێوازی كۆن لە دوورگەكەدا دێتە دروستكردن. 

شوانێكی نیشتەجێی سەرسنوری ھەردووبەشی قوبرس، گوتی: "من پێشتر بیناساز بووم، لەوەتەی باوكم مردووە من كاروباری مەڕداریم لە بڕی باوكم گرتووەتە ئەستۆ، لەتەمەنی شەش ساڵییەوە دەزانم مەڕ بدۆشم، پەنیری ھەلومی بەرھەم دێنین، ھیوا دەخوازم  كولتووری ھاوبەش دوورگەكە لەیەكتر نزیك بكاتەوە".  

 لە  2015دا دوای دیدارە مێژوویەكەی نیكۆس ئەناستاسیادێس سەرۆكی قوبرسی یۆنان و موستەفا ئەكنجی  سەرۆكی قوبرسی توركی،  كۆمسیۆنی ئەوروپا مافی داھێنانی پەنیری ھەلومی بۆ ھەردوو بەشی دوورگەكە گەڕاندەوە، واتە ھەركەسێك ئەو پەنیرەكە  دروست بكات، دەبێت پێیبڵێت ھەلومی.