بانکی رافیدەین بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراق دۆلار دەفرۆشێ

پێشبینیی دەکرێ ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی دابەزینی بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقدا

K24-هەولێر

بانکی رافیدەین لە عێراق رایگەیاند لەمەودوا رۆژانە لە لقەکانی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە دۆلار دەفرۆشێ بەو نرخەی کە بانکی ناوەندیی عێراق دەیفرۆشێ.

بەڕێوەبەری بانکی رافیدەین، باسم کەمال ئەلحوسینیی ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "بانکەکەمان دوای بەدەستهێنانی رەزامەندیی وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندیی عێراق دەست بە فرۆشتنی دۆلار دەکات بە هاوڵاتییان بە رێگەی لقەکانی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە".

بەڕێوەبەری بانکی رافیدەین دەشڵێ: "نرخی دیاریکراو بۆ فرۆشتنی دۆلار لە لایەن (بانکی رافیدەینەوە) هەر ئەو نرخە دەبێ کە بانکی ناوەندیی عێراق دیاری کردووە".

ئەمە لە کاتێکدایە بانکی ناوەندیی عێراق لە مەزادی رۆژانەی خۆیدا بە دەیان ملیۆن دۆلار بە هاوڵاتییان و کۆمپانیاکان دەفرۆشێ بە نرخێکی کەمتر لە نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا.

لە 24/1/2016 یەکێتی بانکەکانی عەرەب ئاشکرای کرد کە بانکی رافیدەینی عێراق "گەورەترین" یەدەکی هەیە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەوچەی عەرەب نشین و ئەو یەدەکە دەگاتە 102 ملیار دۆلاری ئەمریکی.

پسۆرانی بواری ئابووریی لای خۆیانەوە پێشبینیی دەکەن ئەم هەنگاوەی بانکی رافیدەین ببێتە هۆی دابەزینی بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقدا.

ئا: ئا ، ف