یۆنان گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی بۆ تورکیا هەڵپەسارد

بەپێی رێککەوتنی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا دەبێ هەموو ئەو کۆچبەرانەی لە دوای رێکەوتی 20/3/2016 دەگەنە یۆنان بگەڕێندرێنەوە بۆ تورکیا.

K24-هەولێر

حکوومەتی یۆنان پرۆسەی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی بۆ تورکیا هەڵپەسارد و رایگەیاند بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی پێدانی مافی پەنابەرێتی بەو کۆچبەرانەی کە نیشتەجێی دوورگەکانی یۆنان و داواکاریی لەم شێوەیەیان پێشکەش کردووە چەند مانگێک دەخایەنێ.

ئەو کۆچبەرانەی کە یۆنان بە نیازە بۆ تورکیایان بگەڕێنێتەوە و ژمارەیان بە هەزارانە، پەنایان بردووە بۆ داواکردنی مافی پەنابەرێتی لە یۆنان ئەمەش بووە هۆی ئەوەی حکوومەتی یۆنان دووچاری دۆخێکی یاسایی ببێتەوە کە رێگەی پێ نادات ئەو کۆچبەرانە بۆ تورکیا بگەرێنێتەوە تا ئەو کاتەی وەڵامی داواکارییەکانیان لە لایەن دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدرێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە یۆنان دووشەممەی رابردوو 202 کۆچبەری نایاسایی بۆ تورکیا گەڕاندەوە کە زۆربەیان هاوڵاتییانی پاکستان و ئەفغانستانن و داوای مافی پەنابەرێتیان نەکردووە لە یۆنان.

رۆژنامەی تێلیگرافی بەریتانیا لە زاری گوتەبێژێکی دەسەڵاتی یۆنانی گواستەوە کە: کاتێک دەست بە گەڕاندنەوەی کۆچىەران دەکەنەوە ئەگەر ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر هەبن بۆ گەڕاندنەوە.

بەپێی رۆژنامەکە تا ئێستا لە کۆی 6000 هەزار کۆچبەر لە یۆنان زیاتر لە 2300 کۆچبەر داوای بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتیان پێشکەش کردووە.

ئا: ئا ، ف