په‌نابه‌رانی سووریا ئه‌و 10 پرسیاره ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
له‌كاتی گه‌یشتنییان به دوورگه‌ی لیسبۆسی یۆنان و په‌ڕینه‌وه‌یان له ده‌ریا، سه‌ره‌ڕای سه‌رما، به‌ڵام ئه‌وان دڵخۆشن، چونكه توانیویانه به‌شه مه‌ترسیداره‌كه‌ی گه‌شته دوورودرێژه‌كه‌یان ببڕن.
رۆژنامه‌ی "بیڵد"ی ئه‌ڵمانی بڵاویكردووه‌ته‌وه، رێكخراوی "IRC" ئه‌مه‌ریكی، كه به ده‌ستپێخشه‌ری ئه‌لبێرت ئه‌نیشتاین له ساڵی 1933 دامه‌زراوه رایه‌گه‌یاندووه، به گوێره‌ی لیستی ئه‌و پرسیاره باوانه‌ی په‌نابه‌رانی سووری ئاراسته‌یان ده‌كه‌ن، ئه‌م 10 پرسیاره‌ی خواره‌وه زۆرترینییانن.
- من له كوێم؟
له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا، ئه‌وانه‌ی بازرگانی و قاچاخچێتی به مرۆڤ ده‌كه‌ن، ئه‌و به‌له‌مانه جێده‌هێڵن كه په‌نابه‌رانی پێ له ده‌ریادا ده‌په‌ڕێننه‌وه، هه‌ندێكجاریش، له ناوه‌ڕاستی گه‌شته‌كه‌یان بزوێنه‌ره‌كانییان له‌كار ده‌كه‌ن، له‌و كاتانه‌دا، به زۆری كه‌سانێك ناچار ده‌بن كاپتنی ئه‌و به‌له‌مانه بكه‌ن، كه نه شارازان و نه مه‌له‌وانیش ده‌زانن.
بۆیه له‌و بڕوایه‌دا نین كه گه‌یشتوونه‌ته دوورگه‌ی لیسبۆسی یۆنان و له خۆشی‌دا ده‌ست به‌گریان ده‌كه‌ن.
- وای - فای لێره هه‌یه؟
ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی له ده‌ریا ده‌په‌ڕنه‌وه، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنییان به زه‌وی و وشكایی دوورگه‌كانی یۆنان، به‌ر له په‌یداكردنی نان و ئاو، هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی هێلێكی ئینته‌رنێتی وای-فای ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌واڵی گه‌یشتنییان به سه‌لامه‌تی، به كه‌سوكاره‌كانییان بده‌ن.
كارمه‌ندانی رێكخراوه مرۆییه‌كان، هاوكارییان ده‌كه‌ن و رێگای كافێ نێت و رێستورانته‌كانییان نیشان ده‌ده‌ن، كه ده‌توانن له‌وێوه مۆبایله‌كانیان له‌گه‌ڵ ئینته‌رنێتێكی خۆڕایی ببه‌ستن و هه‌واڵه‌كه‌یان بگه‌یه‌نن، هه‌روه‌ها مۆبایله‌كانییان بارگاوی بكه‌نه‌وه، به‌و پێیه‌ی ئامێره هۆشمه‌نده‌كان، گرنگترین ئامرازی گه‌یشتنییانه بۆ وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا.
- له كوێن ده‌توانم خۆراك و ئاو بكڕم؟
به شێوه‌یه‌كی گشتی په‌نابه‌رانی سووری، كه‌موكوڕییان له‌هه‌موو شتێك و كه‌لوپه‌لێك هه‌یه، ته‌نها پاره نه‌بێت، به‌و پێیه‌ی ئه‌وان پێشتر خاوه‌ن كار بوونه و توانیویانه بڕێك پاره بۆ گه‌شته‌كانییان پاشه‌كه‌وت بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌وان نه‌چوونه‌ته یۆنان تاكو خێر‌و سه‌ده‌قه‌یان پێ بكرێت، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه له‌وێن تاكو په‌ناگه‌یه‌كی ئارام و دوور له شه‌ڕ بۆخۆیان دابین بكه‌ن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی رێكخراوه مرۆییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ژه‌مه خۆراكییان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌كه‌ن، به‌ڵام به زۆری په‌نابه‌ران حه‌ز ده‌كه‌ن خواردنی چێشتخانه و ریستورانته‌كانی دوورگه‌ی لیسبۆس بخۆن.
- له‌كوێن شیر به منداڵه ساواكه‌م بده‌م؟
له كامپه‌كانی په‌نابه‌ران له دوورگه‌كه، چه‌ند خێوه‌تێكی تایبه‌ت بۆ ئه‌و ژنانه ته‌رخانكراوه، كه منداڵی ساوایان هه‌یه و شیرییان پێده‌ده‌ن، هه‌ندێكیش له رێكخراوه‌كان ناوه‌ندی تایبه‌تییان له كامپه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخان كردووه، به‌و پێیه‌ی به‌شێك له‌و په‌نابه‌رانه‌ی ده‌گه‌نه دوورگه‌كه، ژن و منداڵن.
- ئه‌و پاسه له كوێیه كه ده‌چێته ئه‌ڵمانیا؟
راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنییان به دوورگه‌ی لیسبۆس، به‌شێك له په‌نابه‌ران به په‌له پرسیاری ئه‌و پاسانه ده‌كه‌ن كه په‌نابه‌ران ده‌گه‌یننه ئه‌ڵمانیا (كه‌مترین په‌نابه‌رانیش داوای پاسی سوید ده‌كه‌ن)، كارمه‌ندانی رێكخراوی "IRC"، چۆنیه‌تی گه‌شتنییان به ئه‌سینای پایته‌ختی یۆنان و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و پاسانه‌یان بۆ روون ده‌كه‌نه‌وه.
- ده‌توانم تاكسی رابگرم؟
یه‌كێك له پرسیاره باوه‌كانییان ئه‌وه‌یه كه ده‌توانن تاكسییه‌ك رابگرن، وه‌ڵامه‌كه‌شی نه‌خێره، چونكه نابێت هیچ په‌نابه‌رێك به‌بێ تۆماركردنی ناوه‌كه‌ی به فه‌رمی، ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت بگرێت و له رێگه‌یه‌وه بچێته ئه‌سینای پایته‌خت.
- چۆن ناوم تۆمار بكه‌م؟
به‌هۆی گۆڕانكارییه به‌رده‌وامه‌كان له یاسای په‌نابه‌رێتی، كاری كارمه‌ندانی فریاگوزاری قورس‌تر بووه، به‌ڵام به گشتی دوای پشكنینی پاسپۆرت، وێنه‌گرتن و وه‌رگرتنی په‌نجه‌مۆره‌كانییان، رێگه‌یان پێده‌درێت دوورگه‌كه به‌جێبهێڵن.
- بۆچی په‌نجه‌مۆره‌كه‌م وه‌رده‌گیرێت؟
په‌نابه‌ران ده‌زانن كه یاسایی په‌یڕه‌وكراوی وڵاتانی ئه‌وروپا له پرسی په‌نابران، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانه بۆ ئه‌و وڵاته‌ی كه په‌نجه‌مۆری لێوه‌رگیراوه، بۆیه ژماره‌یه‌كی زۆری په‌نابه‌ران له‌وه ده‌ترسن وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا بیانگه‌ڕێننه‌وه یۆنان.
بۆیه كارمه‌ندانی فریاگوزاری، هه‌وڵده‌ده‌ن ترسه‌كانییان له وه‌رگرتنی په‌نجه‌مۆر كه‌مبكه‌نه‌وه و پێیان ده‌ڵێن، ئه‌و كاره پاراستنی سه‌لامه‌تی ئه‌وانه.
- ده‌بێت چه‌ند لێره بمێنمه‌وه؟
له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا، په‌نابه‌ران به شێوه‌یه‌كی خێرا ده‌توانن به‌ڵگه‌نامه‌ی رێگه‌پێدانی جێهێشتنی دوورگه‌ی لیسبۆس وه‌رده‌گرن، به‌ڵام به‌گشتی په‌نابه‌ران له‌وه ده‌ترسن ماوه‌یه‌كی زیاتر له دوورگه‌كه بمێننه‌وه، بۆیه ئه‌و پرسیاره ده‌كه‌ن، به گشتی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش بریتییه له: له ماوه‌ی كه‌متر له 24 كاتژمێر به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ت پێده‌درێت و ده‌توانی دوورگه‌كه به‌جێ بهێڵی.
- له كوێ ده‌توانم ئاڵوگۆڕی دراو بكه‌م؟
په‌نابه‌ران به شێوه‌یه‌كی گشتی، یان دۆلار، یان لیره‌ی توركییان پێیه، به‌ڵام پاره‌دان بۆ كڕینی تكیت و پێداویستییه‌كانی دیكه‌یان، ده‌بێت یۆرۆیان پێبێت، بۆیه به‌دوای بانك و شوێنی ئاڵوگۆڕی دراودا ده‌گه‌ڕێن، بۆیه كارمه‌ندان ئاگاداری‌یان ده‌كه‌نه‌وه كه له شوێنی نایاسایی پاره‌كانییان نه‌گۆڕنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ی ساخته‌یان پێنه‌درێت.
سه‌رچاوه: هافینگتۆن پۆست