دوای 10 ساڵ بۆ یه‌كه‌مجار عێراق بوونی ئه‌نفلۆنزای باڵنده راده‌گه‌یه‌نێت
K24 – هه‌ولێر
رێكخراوی جیهانیی ته‌ندروستیی ئاژه‌ڵ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه رایگه‌یاند: ئه‌م هه‌فته‌یه عێراق شه‌ش حاڵه‌تی ئه‌نفلۆنزای باڵنده H5N1ی له نێوان ناوه‌ڕاستی مانگی كانوونی یه‌كه‌م و سه‌ره‌تای شوباتی رابردوو تۆماركردووه، ئه‌مه‌ش دوای 10 ساڵ یه‌كه‌مجاره ئه‌و نه‌خۆشییه له عێراق سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه.
ئه‌و رێكخراوه كه باره‌گاكه‌ی له پاریس پایته‌ختی فه‌ره‌نسایه له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراقی گواسته‌وه و زیاتر گوتی: بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه بووه‌ته هۆی له‌ناوچوونی نزيكه‌ی 720 هه‌زار باڵنده و زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانیش له كێڵگه‌كان بووه.
له كۆی 720 هه‌زار باڵنده‌ی كه له‌ناوچوون، 77 هه‌زار و 101 باڵنده‌یان به ڤایرۆسه‌كه مرداربوون، ئه‌وه‌ی دیكه‌ش وه‌ك رێوشوێنێكی پاراستن له‌ناوبراون.
به گوێره‌ی رۆیته‌رز ڤایرۆسی H5N1 له ناوچه جیاوازه‌كانی وڵات دۆزراونه‌ته‌وه له‌وانه‌ش شارۆچكه‌یه‌ك بووه له نزیك سنووری توركیا و یه‌كێكی دیكه‌ش له باكووری به‌غدا و له دوو كێڵگه‌ش له شاری قادسیه‌ی باشووری وڵات بووه.
راپۆرتی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كردووه: بۆ رێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه رێوشوێنه‌كانی گرتووه‌ته‌به‌ر، له‌و رێوشوێنانه‌ش سه‌پاندنی قه‌ده‌غه‌كردنی ته‌ندروستی و چاودێریكردن له ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كانی كه‌وتوونه‌ته ژێر پاراستنه‌وه و له‌ناوبردنی به‌روبوومه ئاژه‌ڵییه‌كان.
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق روونیكرده‌وه: دوایین ده‌ركه‌وتنی نه‌خۆشییه‌كه له عێراق بۆ كانوونی دووه‌می 2006 ده‌گه‌ڕێته‌وه.
دوای هه‌بوونی راپۆرته‌كان له باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه, له كانوونی یه‌كه‌می رابردوو عێراق هه‌موو به‌رهه‌مه هاورده‌كراوه‌كانی په‌له‌وه‌ری فرێش و به‌ستووی له فه‌ره‌نساوه قه‌ده‌غه‌كرد.
له كانوونی دووه‌می رابردووش عێراق ئه‌و قه‌ده‌غه‌كردنه‌ی فراونكرد و 24 وڵاتی گرته‌وه له‌وانه‌ش چین و باشووری ئه‌فریقیا.
مێژووی تووشبوونی یه‌كه‌م حاڵه‌تی تووشبوونی مرۆڤ به ڤایرۆسی H5N1 بۆ ساڵی 1997 ده‌گه‌ڕێته‌وه كاتێك ڤایرۆسه‌كه له هۆنگ كۆنگ بڵاوبوویه‌وه.
له‌وه‌ته‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی له 2003 و 2004 ڤایرۆسی H5N1 له ئاسیا بۆ ئه‌وروپا و ئه‌فریقیاش بڵاوبوویه‌وه و بووه‌هۆی ئه‌وه‌ی ملیۆنان باڵنده‌ی په‌له‌وه‌ر تووشی نه‌خۆشییه‌كه بن و هه‌روه‌ها سه‌دان مرۆڤیش تووشبوون و ژماره‌یه‌كی زۆریان لێ مردن.
ئا: م.ح