داوای فراكسیۆن بۆ نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی ئێران دەكرێت

K24 - ھەولێر

نوێنەری ھەڵبژێردراوی شاری سنەی رۆژھەڵاتی كوردستان بۆ  پەرلەمانی ئێران داوا دەكات، نوێنەرە كوردەكان لە خوولی ئه‌مجاره‌ی پەرلەمانی ئێراندا، فراكسیۆنی كوردی پێكبھێنن.

سەید ئەحسەن عەلەوی، نوێنەری ھەڵبژێردراوی خەڵكی سنەو دیواندەڕە بۆ پەرلەمانی ئێران بە ھەواڵدەری مێھری راگەیاندووە: "گرفتی پارێزگا كوردییەكان زۆرن و زۆربەشیان ھاوبەشن داوا دەكەین، پەرلەمانتارە كوردەكان فراكسیۆنێكی كوردی لە پەرلەمانی داھاتوو پێكبھێنن".

عەلەوی داواش لە حەسەن روحانی، سەرۆك كۆماری ئێران دەكات: "بۆ یەكەمجار كوردێك وەكو پارێزگاری سنە دیاری بكات".

لە مێژووی كۆماری ئیسلامی ئێران و دەسەڵاتی پاشایەتیدا تەنیا لەساڵی 2005 لەسەر دەستی بەھائەدین ئەدەب، نوێنەری شاری سنە فراكسیۆنی كوردی لە پەرلەمانی ئێران پێكھات، ھەر ئەو فراكسیۆنە دواتر بەرەی یەكگرتووی كوردی لێكەوتەوە، دوای نەمانی موھەندیس ئەدەب ھیچ كات كوردەكان نەیانتوانی فراكسیۆنێك لە پەرلەمانی ئێران دەروست بكەن.