نزیكەی 90 ھەزار سەربازی سووریا كوژراون

"رووسیا بۆ پاراستنی بەشار ئەسەد چووەتە نێو هاوکێشەكە"

K24 - ھەولێر

نێردەی تایبەتی باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ شەڕی دژی داعش رایگەیاند، نزیکەی 90 هەزار سەربازی سووریا لە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە کوژراون.

برێت مەکگۆرك نێردەی سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی رایگەیاندووە: "لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی لە سووەریا تا ئێستا نزیکەی 90 هەزار سەربازی سووریا كوژراون.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەکگۆرك روونیکردوەتەوە: "رووسیا بۆ پاراستنی بەشار ئەسەد، چووەتە نێو هاوکێشەی شەڕی سووریا، هەروەها ئەمریکا رۆڵێكی سەرەکی لە راگەیاندنی رێککەوتنی ئاگربەست لە سووریا گێڕاوە".

ئەمە لە كاتێكدایە زیاتر لە پێنج ساڵە شەڕ لە ناوخۆیی سووریا ھاتووەتە ئاراوە، جگە لە كوژرانی ئەو ژمارەی سەربازانی سووریا، ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەكان و خەڵكی سڤیل لە سووریا گیانیان لە دەستداوە.