مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ بەغدا کۆدەبێتەوە

"گفتوگۆکان بەردەوامن بە ئاراستەی گەیشتن بە رێککەوتن"
كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ بەغدا
كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ بەغدا

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/1/28 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە پرسی نەوت و بودجەی فیدراڵی 2021 کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی وەزیران و سەرۆکی شاندی دانوستانکار بەشداربوو، دوایین پێشهات و ڕێڕەوی پڕۆسەی دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی خرایەڕوو. شاندەکە ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکان بەردەوامن بە ئاراستەی گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر بنەمای دەستوور کە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستانکاری هەرێم بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان بگەڕێتەوە بەغدا.