تاقیگەیەكی پشكنینی كۆرۆنا لە دھۆك دەگوازرێتەوە
K24 – دھۆك
دوای ئەوەی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە پارێزگاكە رووی لە دابەزین كرد، تەندروستی دھۆك بڕیاریدا تاقیگەی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی كاڤین بگوازرێتەوە و لە سبەی رۆژی یەكشەممەوە تەنھا لە یەك شوێن پشكنینی كۆرۆنا دەكرێت.
ھەمزە رەزیكی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی پارێزگای دھۆك بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوای ئەوەی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا كەمبووەوە و پشكنینیش كەمبووەتەوە، بۆیە بڕیارماندا تەنھا یەك تاقیگە بۆ پشكنینی كۆرۆنا دابین بكەین، پێشتر لە دوو نەخۆشخانەی دھۆك پشكنین دەكرا، ئێستا بڕیاردراوە ھەردوو تاقیگەكە بكرێن بە یەك تاقیگە و لە نەخۆشخانەی نەخۆشییەكانی سینگ و ھەناسە شوێنی بۆ بكرێتەوە كە دەكەوێتە بەرامبەر سەرۆكایەتی زانكۆی دھۆك".
ئاماژەی بەوەشكرد: "پێشتر رۆژانە لەو نەخۆشخانەیە زیاتر لە 200 پشكنینی كۆرۆنا دەكرا و نۆرە دەگیرا، ھەندێك كەس ھەبوو بە سێ رۆژ سرەی بەر نەدەكەوت، ئێستا تەنھا 80 تا 90 پشكنین لەم تاقیگەیە دەكرێت".