ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر پارێزگاری نوێ ھەڵدەبژێرێت

دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن رۆژی كۆبوونەوەی دیاریكرد
ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر
ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر

K24 – ھەولێر

ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی ھەولێر كۆدەبێتەوە.

بەگوێرەی بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە رۆژی دوو شەممە 8/2/2021 کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ ھەولێر بەڕێوەدەچێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان، کە گەورەترین فراکسیۆنی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرە، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستانی بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر بەربژێر كردووە و رۆژی 3/2/2021 وەزیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سیڤیی ئومێد خۆشناوی ناردە ئەنجومەنی پارێزگا.

ئالان ھورمز، سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: "وەك دەستەی سەرۆكایەتی ئەمڕۆ كۆبووینەوە بۆ داڕشتنی كۆبوونەوەی ئەنجومەن بە مەبەستی ھەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ، رۆژی دووشەممەی داھاتوو كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەن بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ بەڕێوەدەچێت".

گوتیشی: "لە 3ی ئەم مانگەوە دەستمان بە رێكارە یاساییەكان كردووە بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی ھەولێر كردووە و ئاماژەمان بەوەكردبوو كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ دوا وادەیە بۆ پێشكەشكردنی سیڤی ئەو كەسانەی دەیانەوێت خۆیان ھەڵبژێرن، تائێستا چوار كەس بۆ ئەو پۆستە سیڤیان پێشكەش كردووە".

كارنامەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر
كارنامەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر