هه‌وادارانی پارتی كۆماری له‌ دژی ترامپ ده‌وه‌ستنه‌وه‌

نووسیویانه‌ "خوا له‌ پارتی كۆماری خۆشبێت"

K24 - هه‌ولێر:

كاندیدی كۆمارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، بۆ سەرۆكایەتی دۆنالد ترامپ و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پۆل رایان رێككەوتن بەیەكەوە كار بكەن.

لە بەردەوامی ھەوڵەكانی دۆنالد ترامپ بۆ كۆكردنەوەی دەنگە دابەشبووەكانی كۆمارییه‌كان، ئه‌مڕۆ لەگەڵ پۆڵ رایان، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كۆبووەوە.

ئەوەی دۆناڵد ترامپ دەیەوێت. پاڵپشتی راستەوخۆی پارتەكەیەتی و پۆڵ رایان گرنگییەكی زۆری ھەیە، لای خۆیشی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی، پۆڵ رایان رایگەیاند، لە پێناو دروستكردنی كۆدەنگییە لەناو پارتی كۆماری و ھاوكات داكۆكیكردنە لە مافە دەستووریی و بەھا ئەمریكییەكان، كە كۆمەڵگە دابەش نەكات.

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، جەختیشی لەوە كردەوە، كە پرۆسەی پاڵپشتی كردنی دۆنالد ترامپ كاتی زیاتری پێویستە، راشیگەیاند، كە ترامپ تاكە نوێنەری پارتەكەیەو پێویستە لێكنزیكبوونەوەیه‌ك ھەبێت و بە قووڵی بیر لە بابەتەكە بكرێتەوە.

رایان پۆڵ دووپاتیكردەوە، پێویستە ھەمووان جەخت لە حكوومەتێكی ناناوەندیتر بكەنەوە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، لە كاتی سەردانی دۆنالد ترامپ بۆ بارەگای پارتی كۆماری و كۆمیتەی نیشتیمانی كۆمارییەكان، دەیان لە ھەوادار و ئەندامی پارتەكە دژی دۆنالد ترامپ خۆپێشاندانیان ئەنجامدا.

خۆپێپشاندەران دروشمی جیاجیای دژی دۆنالد ترامپی كاندیدی پارتەكەیان دەگوتەوە و دروشمی ھەرە سەرەكیش نووسرابوو "خوا لە پارتی كۆماری خۆشببێت"، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەگەری لاوازبوونی پارتەكە بەھۆی دۆناڵد ترامپ.

ئەم خۆپێشاندانە لە كاتێكدایە، پۆڵ رایان، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، كە لە پارتی كۆمارییە، خۆی لە پاڵپشتیكردنی ھەڵمەتی سەرۆكایەتی ترامپ یەكلا نەكردووه‌تەوە.

بێجگە لەمەش، تەواوی پارتی كۆماری دەربارەی دۆناڵد ترامپ رارا و دوودڵن و پاڵپشتی دۆناڵد ترامپ ناكەن.