58 ساڵ بەسەر یەكەم كودەتای بەعسییەكان تێدەپەڕێت

حەرەس قەومییەكان لە نۆ مانگی حوكمڕانییاندا چەندین تاوانیان دژی كورد ئەنجامدا
عەەبدولكەریم قاسم، یەكەم سەرۆك كۆماری عێراق
عەەبدولكەریم قاسم، یەكەم سەرۆك كۆماری عێراق

K24 – ھەولێر:

8ی شوباتی ساڵی 1963 ساڵڕۆژی یەکەم کودەتای بەعسیەکانە لە عێراقدا، کە لە ناو کورددا بە زەمانی حەرەس قەومییەکان ناسراوە و توانیان بۆ ماوەی 9 مانگ حوکمی عێراق بکەن. لەو ماوەیەی حوكمڕانیاندا میلیشاکانی حەرەس قەومی چەندین تاوانیان بەرامبەر کورد و بەتایبەتیش سلێمانی ئەنجامدا.

یادەوەرییە تاڵەکانی 8ی شوباتی ساڵی 1963ی بۆ باسكردم، کە یەکەم کودەتای بەعسییەکان بوو لە عێراقدا. ئەو زەمانە کورد پێیان دەگوت "حەرەس قەومی". فۆاد سەڕاج ئەو کات تەمەنی 12 ساڵ بووە، بەڵام یادەوەرییەکانی ئەو کودەتایە ھێندە تاڵە ھەرگیز لە بیری ناچێتەوە.

فۆاد سەڕاج، شایەتحاڵی کودەتاکەی 8ی شوبات گوتی: حەرەس قەومیەکان بە ھەموو شێوەیەک ئازاری کوردیان دەدا، ھەر لەسەرانە وەرگرتن وگرتن و لێدانی خەڵک تا دەگاتە فشاری ئابووری بۆ سەر خەڵکی کوردستان.

بەعسییەکان دوای کودەتاکە ئاگربەستیان لەگەڵ کوردا کرد و لە ئەنجامی ئەوە بۆ ماوەی 3 تا 4 مانگ جۆرێک لە ئاشتەوایی پەیدابوو، بەڵام بەعسییەکان لە 9ی حوزەیرانی ساڵی 1963 سەرلەنوێ ئاگری شەڕیان داگیرساندەوە .

8ی شوباتی ساڵی 1963 بەعسییەکان و قەومیە توندڕەوە عێراقیەکان کودەتایەکی ڕەشیان بەسەر عەبدولکەریم قاسمدا کرد. دواتر کۆمەڵێک بە ناوی حەرەس قەومی بە ناو کوچە و کۆڵانەکانی بەغدا بڵاو بوونەوە و کەوتنە کوشتن و گرتنی خەڵکی سڤیل و کوردیش یەکێک بوو لە قوربانییەکانی دەستی ئەو کەسانەی پێیان دەگوترا حەرەس قەومی.