پارتی لەسەر پرسی ریفراندۆم لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆدەبێتەوە

‌"ئێستا دۆخه‌كه‌ گونجاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ریفراندۆم بكرێت"

K24 - ھەولێر

لە بارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە.

عارف تەیفور ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە: "مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان راسپێردراوه‌، به‌ زووترین كات په‌یوه‌ندی به‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ بكات و دواتر سه‌ردانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ش بكات به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری بۆ ریفراندۆم، چونكه‌ پێویسته‌ ریفراندۆم له‌ كاتێكی دیاریكراودا ئەنجام بدرێت".

بە گوتەی عارف تەیفور: "‌ئێستا دۆخه‌كه‌ گونجاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ریفراندۆم بكرێت، ئه‌گه‌ر ھەر لایه‌نێك ئاماده‌ نه‌بێت به‌شداریی ریفراندۆم بكات، ئه‌وا خۆی به‌رپرسیار ده‌بێ و قسه‌یه‌كی بۆ مێژوو پێ نابێ".

ماوەیەك لەمەوبەر، مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، پێش ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، لە ھەرێمی كوردستان ریفراندۆم ده‌كرێت.