له‌ هه‌رێمدا به‌رهه‌مى په‌تاته‌ ده‌بێته‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ى ساڵى رابردوو

ئەمڕۆ وەرزی چنينه‌وه‌ى پەتاتە دەستیپێكرد، پێشبینی دەكرێت بەرھەمی ئەمساڵی پەتاتەی خۆماڵی 200 ھەزار تەن پەتاتە تێپەڕێنێت
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/00020bee-9a77-4089-9236-954f1fea9d05/henarda%20krdni%20petate.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ وەرزی چنينه‌وه‌ى پەتاتە دەستیپێكرد، پێشبینی دەكرێت بەرھەمی ئەمساڵی پەتاتەی خۆماڵی 200 ھەزار تەن پەتاتە تێپەڕێنێت، جوتیارانیش داوا لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەن، بۆ ساڵانی داھاتوو ھاوردەكردنی پەتاتە لە ناوەڕاست و خواروو عێراق لە سه‌ره‌تاى مانگی نيسانه‌وه‌ رابگرێت، چونكە لە ناوەڕاستی مانگی ئاياره‌وه‌ پەتاتەی خۆماڵی پێدەگات.

وەرزی ھەڵكەندنی پەتاتەیە، جوتیاران ئەمڕۆ بەرھەمی چوار مانگ ماندووبوونیان بەدەستھێنا، بایز عەبدوڵا یەكێكە لە جوتیارەكان، وەك خۆی دەڵێ، خاوەنی زۆرترین به‌رهه‌مى پەتاتەیە لە ھەرێمی كوردستان كە بریتیە لە نزیكەی 700 تەن بنە تۆی پەتاتە.

سەرجەم ئەو بنە تۆیانەی لەم زەویە چێندراون، جۆری كۆڵۆمبین و كۆمپانیایەك لە وڵاتی ھۆڵەنداوە ھێناویەتی بەسەر جوتیاراندا دابەشی كردووە، بەڕێوەبەری كۆمپانیاكەش ئاماژە بەوە دەكات، لە ساڵی رابردوو بەھەمی پەتاتەی خۆماڵی بریتی بوو لە 1200 تەن، بەڵام بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەكرێ رێژەكە بەرزتر بێتەوە.

سەرەڕای پەیدابوونی پەتاتەی خۆماڵی لە گومرگی شاری ھەولێر، بەڵام ھێشتا پەتاتەی بیانی تێدا دەبیندرێت، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئەمساڵ درەنگتر و بە دیاریكراوی لە سەرەتای ئەم مانگەوە گومرگی خستە سەر ھێنانی پەتاتەی بیانی و بۆ ھەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا ساڵانی رابردوو لە ناوەڕاستی مانگی نيسانەوه‌، ھاوردە كردنی پەتاتەی رادەگرت.

چەند ساڵێكە ھەناردەكردنی پەتاتە بۆ وڵاتانی دەرەوە دەستی پێكردووە، ئەمساڵیش وابڕیارە پەتاتە لە ھەرێمی كوردستانەوە بۆ وڵاتی سعودیە بڕوات و جیا لەوەش لە ماوەی 15 رۆژی دیكە ھەناردەكردنی پەتاتە لە ھەرێمی كوردستانەوە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەست پێدەكات.