یەکەم كاروانی ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق

رێککەوتن کراوە 16 ملیۆن ژەمە ڤاکسین بۆ 20%ـی دانیشتووانی عێراق دابین بکرێت
ڤاكسین
ڤاكسین

K24 - ھەولێر

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ئاشكرای كرد، سبەی دووشەممە یەکەم كاروانی ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق، دوای رەزامەندی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی بۆ بەشداری کردنی عێراق لە هاوپەیمانی کافی، کە پاشکۆی کۆڤاکسە، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە رێککەوتن لەگەڵ کۆڤاکس کراوە، بۆ ئه‌وه‌ی بڕی 16 ملیۆن ژەمە ڤاکسین بۆ 20%ـی دانیشتووانی عێراق دابین بکات.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، زیاتر لە 169 ملیۆن و 736 هەزار دۆلار بە پاشکۆی کۆڤاکس بۆ کڕینی ئەو بڕە دراوە، ئەوەش تەنیا دوای 10 رۆژ لە پەسەندکردنی پێکووتەی ئیسترازینکا - ئۆکسفۆرد لە لایەن رێکخراوەی تەندروستی جیهانیەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەرکی گواستنەوە و دابەشکردنی ڤاکسین بە نرخێکی دیاریکراو لە ئەستۆی رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ سەرجەم ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە هاوپەیمانی کۆڤاکس.

هەروەها دابەشکردنی ڤاکسینەکەش بە گوێرەی مەرجەکان و لە ژێر سەرپەرشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانییە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا ئەوەشخراوەتەڕوو، دەستپێشخەریان کردووە بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆمپانیای فایزەر بایۆتێک. ئەوەش دوای ئەوەی راستەوخۆ بەریتانیا پەسەندی کرد.

بۆ ئەو مەبەستەش رێککەوتن کراوە تاوەکو 21 مانگی کانوونی یەکەم ملیۆنێک و نیو ژەمە ڤاکسین بە سێ قۆناغ بکڕن. بەڵام لە 15ـەی ئەم مانگە کۆمپانیای فایزەر داوایکردووە، یاسای پاراستن لە بەرپرسیارێتی و قەرەبوو پەسەند بکرێت بەر لەوەی ڤاکسین رەوانەی عێراق بکەن، ئەوەش وایکردووە هاوردەی ڤاکسینی فایزەر دوابکەوێت.