مەسرور بارزانی: پشتیوانیی لە رۆڵی کارا و شایستەی ئافرەتانی کوردستان دەکەین

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی 8ی مارس
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – ھەولێر

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا بەبۆنەی 8ی مارس رۆژی جیھانی ئافرەتان رایگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە رووبەڕووبوونەوەی هەر جیاکارییەکی رەگەزی و پەراوێزخستنی رۆڵی ئافرەتان، دووپاتدەکاتەوە. پشتیوانیی لە رۆڵی کارا و شایستەی ئافرەتانی کوردستان دەکەین لە بوارە جیاکانی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەتدا".

لە پەیامی سەرۆكی حكومەت ھاتووە "بەشداریی ئافرەتانی کوردستان، لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و داگیرکاریدا، مایەی شانازییە و ئافرەتانی کوردستان، هەمیشە نموونەی قوربانیدان و خۆڕاگری و داکۆکیکردن بوون لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان".

دەقی پەیامی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان:

لە یادی هەشتی مارس، رۆژی جیهانیی ئافرەتان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم. بە پێزانینەوە لە خەبات و تێکۆشانی ئافرەتانی کوردستان دەڕوانین لە پێناو یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا.

بەشداریی ئافرەتانی کوردستان، لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و داگیرکاریدا، مایەی شانازییە و ئافرەتانی کوردستان، هەمیشە نموونەی قوربانیدان و خۆڕاگری و داکۆکیکردن بوون لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جیاکارییەکی ڕەگەزی و پەراوێزخستنی رۆڵی ئافرەتان، دووپات دەکاتەوە. پشتیوانیی لە ڕۆڵی کارا و شایستەی ئافرەتانی کوردستان دەکەین لە بوارە جیاکانی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەتدا، لە چوارچێوەی داکۆکیکردنمان لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان بە تایبەتی، بە ئاراستەی بنبڕکردنی تووندوتیژی و چەسپاندنی بنەماکانی یەکسانیی و لێبوردەیی لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا.  

شکۆدار بێت هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان.

هیوای سەرکەوتن بۆ خەباتی ئافرەتانی کوردستان دەخوازم  . 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان