هۆشداری لە کڕینی گۆشتی سەر شەقامەکان دەدرێت

"ئەو گۆشتانه‌ی سه‌ر شه‌قام ھیچ پشكنینێكیان بۆ ناكرێت و سه‌رچاوه‌ی نه‌خۆشییه‌"

K24 - هه‌ولێر:

نوێنەری ڤێتەرنەری لە لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئامۆژگاری ھاوڵاتیان دەکات، کە بە ھیچ جۆرێک گۆشتی سەرشەقامەکان نەکڕن، چونکە بە ھیچ جۆرێک پشکنینی زانستی بۆ ئەو ئاژەڵانە ناکرێت، کە سەردەبڕدرێن، پسپۆڕێکی بواری تەندروستی گۆشتیش رایگه‌یاند، لە (75%)ی ئەو نەخۆشییانەی کە تووشی مرۆڤ دەبن لە گۆشتی ئاژەڵەوە دەگوازرێنەوە.

لەگەڵ ھاتنی وەرزی بەھاردا، ھاووڵاتیان روو لە گەشت و سەیران دەکەن، ئەمەش وادەکات خواست لەسەر جۆرەکانی گۆشت بە تایبەت گۆشتی سوور زیاد بکات، لە بۆنەكاندا ھەندێك کەس گۆشتی سوور لەسەر شەقامەکان دەفرۆشن و ھەر لەوێش ئاژەڵەکە سەر دەبڕن، کامەران عزەت، نوێنەری ڤێرتەنەری لە لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی داوا لە ھاووڵاتیان دەكات، خۆیان لە كڕینی گۆشتی سەر شەقامەكان بەدوور بگرن، چونکە ئەو گۆشتە ھیچ پشكنینێكی بۆ ناكرێت.

کۆمەڵێك نەخۆشی لە ئاژەڵدا ھەیە، پێش سەربڕینی و پاش سەربڕینی بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە، ئەگەر بە فلتەری زانستی پشکنینی بۆ نەکرێت، شاڵاو عارف، پسپۆڕی تەندروستی گۆشت ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بە گوێرەی راپۆرتەکانی رێکخراوی تەندروستی جیھانی، (75%)ی ئەو نەخۆشییانەی تووشی مرۆڤ دەبن، سەرچاوەکەی گۆشتی ئاژەڵە.

بە گوێرەی ئامارێکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائمقامیەتی سلێمانی، تەنیا بۆ مانگی ئادار، توانیویانە دەست بەسەر بڕی (400) تۆن گۆشتی سووردا بگرن، کە لەسەر شەقامەکان فرۆشراون، بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز و رۆژانی دواییش پلان و چاودێریەکانیان بۆ رێگریکردن لە فرۆشتنی گۆشت لەسەر شەقامەکان چڕ دەکەنەوە.

د.ی