سعوودییە دەستپێشخەرییەک بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و ئاشتی لە یەمەن پێشکەش دەکات

حوسییەکان وەڵام دەدەنەوە
سوپای یەمەن چاودێری جوڵەی حوسییەکان دەکەن
سوپای یەمەن چاودێری جوڵەی حوسییەکان دەکەن

K24- هەولێر:

ئەمڕۆ دووشەممە، سعوودییە دەستپێشخەریی راگەیاندنی ئاگربەستی لە یەمەن پێشکەشکرد کە رێگا ئاسمانیی و وشکانییەکانیش لەگەڵی دەکاتەوە، بەڵام حوسییەکان گومانیان هەیە.

فەیسەڵ بن فەرحان ئەلسعود، وەزیری دەرەوەی سعوودییە زانیاری زیاتری لەبارەی ئۆفەرەکەی سعوودییە ئاشکرا کردووە و دەڵێت، فڕۆکەخانەی سەنعا دەکرێتەوە و رێگا دەدرێت لە بەندەری حودەیدە (کە لە لایەن حوسییەکانەوە کۆنتڕۆڵکراوە) سوتەمەنی و خواردن هاوردە بکرێت.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە: ''دانووستانەکانی نێوان حکومەتی یەمەن (سعوودییە پاڵپشتی دەکات) لەگەڵ حوسییەکان دەست پێدەکەنەوە؛ لەگەڵ قایلبوونی حوسییەکان، دانووستانەکان دەستپێدەکەن''.

حکومەتی یەمەن پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی سعوودییە کردووە، بەڵام حووسییەکان دەڵێن: ''هیچی نوێی تێدا نییە، کردنەوەی بەندەر و فڕۆکەخانەکان کە بۆ هاتنی هاوکاری مرۆیی بەکاردێن نابێت وەک کارتی فشار بەکاربێن''.

بەگوێرەی داتاکانی یونسێف، 80٪ دانیشتوانی یەمەن پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە لە ناویشیاندا زیاد لە 12 ملیۆن منداڵ هەیە.

حووسییەکان کە دەگوترێت ئێران پاڵپشتیان دەکات، چەندین هێرشیانکردووەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودییە و زیانیان بە ریاز گەیاندووە، ئەمەش جیا لە رووبەڕووبوونەوەی حکومەتی یەمەن و بەرپابوونی جەنگ لەناوخۆی یەمەن.

Reuters