په‌رله‌مانتارێكی كوردستان: پێداگری سەرۆكی حكومه‌ت سەروەری ھەرێمی كوردستانی وەك خۆی ھێشتەوە

"ئەوانەی پێشتر داوای رادەستكردنی ھەموو شتێكییان بەبەغدا دەكرد، ئێستا خۆیان دەكەنە خاوەنی سەركەوتنی دانووستانەكان"
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

پەرلەمانتارانی هه‌رێمی كوردستان و چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوەدەكەن، كە پێداگری سەرۆكی حكومه‌تی ھەرێمی كوردستان بوو كە وایكرد، سەروەری ھەرێمی كوردستان پارێزراو بێت، ئاماژە بەوەش دەكەن كە ھەر زوو "مه‌سرور بارزانی" دركی بەوەكرد، كە ئەوانەی داوای ملكەچبوونی ھەرێمی كوردستان دەكرد بەرامبەر عێراق، رۆژێك دێت خۆیان دەكەنە خاوەنی دەستكەوتەكان.

لەوكاتەی بەغدا داوای تەواوی ئەو دۆسییانەی دەكرد، كە پەیوەستن بە سەروەری ھەرێمی كوردستان، كاتێك لە ناوخۆش فشاردەكرا بۆ ئەوەی ھەولێر ملكەچی تەواوی داواكانی بەغدا بێت، "مەسرور بارزانی"، سەرۆكی حكومه‌تی ھەرێمی كوردستان، بووە رێگر لەبەردەم لاوازبوونی قەوارەی ھەرێمی كوردستان، پێداگربوو كە دەبێت رێككەوتن لەسەر بنەمای دەستوور بێت، رێبوار بابكەیی، پەرلەمانتاری كوردستان ئاماژە بەوەكرد، پێداگری سەرۆك وەزیران، سەروەری ھەرێمی كوردستان و نه‌وته‌كه‌ی وەك خۆی ھێشتەوە.

سەرەنجام بەھۆی پێداگرییەكانی سەرۆك وەزیرانەوە، لایەنە شیعەكان ملیان دایە بەر ئەوەی كە لەسەر چەند خاڵێكی ھاوبەش لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ڕێككبەون، مەدحەت سلێمان، چاودێری سیاسی رایگەیاند، پێشتر ئەوانەی داوای رادەستكردنی ھەموو شتێكییان بەبەغدا دەكرد، ئێستا خۆیان دەكەنە خاوەنی سەركەوتنی دانووستانەكان.

ھەفتەی رابردوو، پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراقەوە پەسندكرا، ئەمەوش دوای گەڕێكی درێژی دانووستانەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھات لەگەڵ بەغدا، كە ھەر زوو سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان پێشبینی ئەم دۆخەی ئێستای كرد، كاتێك ساڵێك لەمەوبەر گوتی: "به‌ پشتیوانی خوای گه‌وره‌ و ئێوه‌، ئه‌م دۆخه‌ ناله‌باره‌ تێده‌په‌ڕێنین، كوردستان به‌ره‌و گه‌شانه‌وه‌ و بووژانه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ش دڵنیام شه‌ریكی سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وته‌كان زۆر ده‌بن".

د.ی