دەوڵەتی یاسا تانە لە یاسای بودجە دەدات

"تانەكە تایبەتە بە بەھای دۆلار بەرامبەر دینار و چەند ماددەیەكی دیكە"
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا - ئەرشیف
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا - ئەرشیف

K24 – ھەولێر

ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە نیازە ئەمڕۆ لە دادگای فیدراڵی تانە لە یاسای بودجەی عێراق بدات.

عەبدولسەلام مالیکی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ هاوپەیمانێتییەکەیان بەنیازە لە دادگای فیدراڵی، بۆ پێداچوونەوە بە بەشێک لە ماددەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی سكاڵا تۆمار بکات، تانەکانیش تایبەتن بە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، فەرمانبەرانی گرێبەست و چەند ماددەیەکی دیکەی تایبەت بە شەهیدان و پلەی وەزیفی بۆ پارێزگای بەسرە.

فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی، بایکۆتی کۆبوونەوەی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی کردبوو.

31/3/2021 پەرلەمانی عێراق بودجەی 2021ی پەسندكرد، دەوڵەتی یاسا و چەند فراكسیۆنێكی دیكە دەنگیان بە پڕۆژەیاساكە نەدا، یەكێك لە داواكانیشیان دابەزاندنی بەھای دۆلار بوو بەرامبەر دیناری عێراقی، بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمانی رایگەیاندبوو كە ئەمە بڕیاری بانكی ناوەندیە و تەنھا لە دەسەڵاتی ئەوانە ئەوە كاری پەرلەمان نییە. بەشێك لە پەرلەمانتارانیش ئەم داوایە بە بانگەشەی ھەڵبژاردن ناودەبەن.