بڕیاری (688) و رۆژی ویژدانی جیهانی!

Kurd24

ئەمڕۆ (30) ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر بڕیاری (688)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەم بڕیارە دوای راپەڕینی خەڵکی کوردستان هات، کاتێک رژێمی بەعس هێرشی پێچەوانەی کردە سەر هەرێمی کوردستان و بەهۆیەوە کۆڕەوی ملیۆنی دەستی پێکرد، لە ئەنجامدا "کۆڕەو" بووە رووداوێکی راچڵەکێنەر بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە هۆیەوە وەرچەرخانێکی دەگمەن لە مێژووی باشوری کوردستان روویدا، ئەویش دەرکردنی بڕیاری (688) بوو لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەویش بە هەوڵی بەرچاوی هەرسێ وڵاتی فەرەنسا و ئەمەریکا و بەریتانیا.

ئەم بڕیارە وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ بوو بۆ کورد لەبەر ئەم سێ خاڵە:

1- بە هۆی ئەم بڕیارەوە بۆ یەکەمجار (دۆزی کورد) لە پرسێکی لۆکاڵی و ناوچەییەوە بووە پرسێکی نێودەوڵەتی و جیهانی، واتە ئەم بڕیارە هەنگاوێکی گەورە و گرنگ بوو بۆ بەرەوپێشبردن و ناساندنی دۆزی کورد لە سەر ئاستی جیهان.

2- بەهۆی ئەم بڕیارەوە بۆ یەکەمجار (چەتری پارێزبەندی) بۆ باشووری کوردستان هەڵکرا، کە بە هێڵی (36)، یان دژە فڕین (No-fly zone) ناسراوە، لەم رێگەیەوە توانرا خەڵکی هەرێمی کوردستان لە زوڵم و زۆرداری رژێمی بەعس پارێزراو بێت.

3- بەهۆی ئەم بڕیارەوە زەمینەیەکی لەبار دروست بوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە رێکەوتی (1992/5/19) و دواتریش  پێکهێنانی کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لێرەدا گرنگە ئاماژە بە چەند کەسایەتیەکی نێودەوڵەتی بکەین، کە لەو قۆناغەدا رۆڵێکی گەورە و گرنگیان هەبوو لە پڕۆسەی  لۆبیکردن و کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ دۆزی کورد و دەرکردنی بڕیاری (688) لێرەدا تەنیا سێ کارەکتەر وەک نمونە باس دەکەین، ئەوانیش:

یەکەم: (دانیاڵ میتران) وەک دایکی کوردان هەڵویستێکی بێ وێنەی نواند بۆ پشتگیری کردنی کورد و هاندانی (فرانسوا میتران)ی هاوسەری کە سەرۆکی فەرەنسا بوو بۆ پشتگیریکردنی دۆزی کورد.

دووەم: (جۆن مێجەر) سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی بەریتانیا، رۆڵێکی گرنگی لە دەرکردنی بڕیاری (688) و دروستکردنی ناوچەی ئارام هەبوو لە باشووری کوردستان.

سێیەم: (جیمس بیکر) وەک یاساناس و پارێزەر و (61)مین وەزیری دەرەوه‌ی ئەمەریکا، رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ئیدارەی (جۆرج بۆشی باوک) بۆ دەرکردنی بڕیاری (688) و هەروەها پێشتریش بۆ دەرکردنی هەردوو بڕیاری (660 و 661) کە تایبەت بوون بە ئیدانەکردن و سزادان و ئابلۆقەدانی (رژێمی بەعس) دوای داگیرکردنی وڵاتی کوێت و پێکهێنانی هاوپەیمانیەتێکی گەورە کە لە (34) وڵات پێکهاتبوون بۆ رزگارکردنی کوێت، کە لە ئەنجامدا شەڕی دووەمی کەنداوی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە (رژێمی بەعس) گورزێکی کەمەرشکێنی پێکەوت، ئەم گورزەش زەمینەیەکی لەباری سازکرد بۆ راپەڕینی خەڵکی کوردستان لە (1991/3/5) و دواتر کۆڕەوی ملیۆنی بەدواداهات و پاشان لە رێگای راگەیاندنەکانەوە توانرا وێنە و دیمەنەکانی (کۆڕەو) بە وڵاتانی جیهاندا پەخش بکرێت، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی هەبوو لە ورووژاندن و هەژاندنی ویژدانی شەقام و رای گشتی وڵاتانی جیهان.

لە کۆتاییدا شایانی تێڕامان و ئاماژەپێدانە کەوا نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی (2019)ەوە بڕیاریداوە کەوا (5)ی نیسانی هەموو ساڵێک بکرێتە (رۆژی ویژدانی جیهانی - International Day of Conscience) ئەم رۆژەش هەمان رۆژی دەرکردنی بڕیاری (688)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیە!

 

٭ کــارۆخ خــۆشناو

(سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی)