دژە ئافرەت و پشتیوانی كۆیلایەتی.. ئەو روویه‌ی ئەفلاتۆن كە لەوانەیە نەیزانیت

لە راستیدا زۆر تێگەیشتنی ھەڵە لە سەر ئەفلاتۆن و ھزرەكانی ھەن، ھەرچەندە خۆی وەك فەیلەسووف زۆر دەستكەوتی ھزریی ھەیە
پەیكەری ئەفلاتۆن
پەیكەری ئەفلاتۆن

ئامادەکردنی بەشی کولتوور

"خۆشەویستی ئەفلاتۆنی" دەستەواژه‌یەكە خۆی سەپاندووەتە نێو فەرھەنگەكانی زمان بۆ دەربڕین لە خۆشەویستی بێبەری و نا ھەوەسباز و پاك لە نێوان پیاو و ئافرەتدا، لە رووی زمانەوە بۆ فەیلەسوفی یۆنانی كۆن ئەفلاتۆن دەگەڕێتەوە، ھەروەھا دەستەواژەی "شاری پاكیزە" یان "یوتۆپیا" لەگەڵ ئەم ناوە بەستراوەتەوە. ئەم دەستەواژەیە لە مێشكی زۆر كەسدا بە واتای شاری نموونەیی دوور لە ھەموو ستەمێك دێت و فەیلەسوفەكان بە دادوەری و دانایی فەرمانڕەوایی دەكەن.

ئایا ئەمە راستە؟ لە راستیدا زۆر تێگەیشتنی ھەڵە لە سەر ئەفلاتۆن و ھزرەكانی ھەن، ھەرچەندە خۆی وەك فەیلەسووف زۆر دەستكەوتی ھزریی ھەیە؛ كە دەیكات بە ھێمایەكی فەلسەفە لەسەردەمی خۆی، بەڵام ئەفلاتۆن ھەندێك ھزری ھەبوو، كە زۆر جیاوازن لەوەی لە ناو خەڵك بە گشتی و بگرە لە ناو ھەندێك رۆشنبیرانیش پێی ناسراوە. لەم راپۆرتەدا، باسی ئەفلاتۆن بەشێوەیەك دەكەین، كە لەوانەی پێشتر وا نەتناسیبێت.

دەروازەیەك لەسەر ئەفلاتۆن:

یەكەم كەسە پێناسەی فەلسەفەی كرد، بەوەی "زانستی گفتوگۆی عەقڵییە"، كە ئامانج لێی گەیشتنە بەڕاستی، یەكەم كەسیش بوو رێبازێكی بۆ فەلسەفە دانا وەك زانستێكی گفتوگۆ. ئەم رێبازەشی لە فەلسەفەی خۆیدا جێبەجێكرد. ھەموو فەلسەفەكەی خۆی بەشێوەی دواندن نووسی و لە میانیدا مشتومڕی لەگەڵ ھزری فەیلەسووفەكانی دیكە كرد، جا چ ئەوانەی پێش خۆی بن یان ئەوانە سەردەمی خۆی بن لە یۆنانی كۆندا.

ئەو رێبازە سەركەوتوو بوو لە میانی پێشكەشكردنی رێچكەیەكی فەلسەفی كراوە، كە را و رای بەرامبەر قبوڵ دەكات، لە راستیشدا بەڕای زۆربەی مێژوونووسان فەلسەفەی ئەفلاتۆن بنەچەی تەواوی مێژووی دواتری فەلسەفەیە، تەنانەت فەیلەسووفی ھاوچەرخ، نۆرس وایتھێد، ھەموو مێژووی فەلسەفە بە پەراوێز دادەنێت لە بەرامبەر ئەوەی ئەفلاتۆن دایناوە، ئەوەش شتێكی دوور نییە لە راستی، بە تایبەتی ئەفلاتۆن و ئەرستۆی قوتابیی، كاریگەری ھزرەكانیان لە سەر مێژووی فەلسەفەی دواتردا لە نێوان خۆیاندا دابەشكرد، بەتایبەتیش ئەرستۆ بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ قوتابی ئەفلاتۆن بووە.

یەكێك لەو ھزرە زۆر ئاڵۆزانەی پێشكەشی بە مرۆڤایەتی كرد و لەوانەیە بۆ سەردەمی یۆنانی كۆن سەیر نەبێت بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی خۆمان، كە زاناكانی باسی جیھانە ھاوسەنگەكان دەكەن، ئەویش تیۆری جیھانی بەرعەقڵ و جیھانی بەرھەستە (عالم المعقول و عالم المحسوس)، بەپێی گریمانەی ئەفلاتۆن ئەو جیھانەی مرۆڤ تێدا دەژیت جیھانی بەرھەستە، ئەمیش كۆپییەكی كەمتر نمونەییە لە جیھانی بەرعەقڵ، كە كۆپی دیكەی مرۆڤ تێدا دەژین و زۆر دادپەروەرتر و زیرەكتر و داناترن و ئێمە مرۆڤ – لە جیھانی بەرھەستدا تەنھا سێبەرێكی ناتەواو و نا نموونەیین بۆ جیھانی بەرعەقڵ.

بۆ رقی لە شاعیران بوو؟

مەیلی بۆ نموونەیی تەنھا لە ھزری جیھانی بەرعەقڵ و جیھانی بەرھەست نەبوو بەدیار ناكەوێت، بەڵكو لە"شاری پاكیزە"دا زیاتر بەدیار دەكەوێت، كە خەونی پێوەدەبینی وزۆریشی لەبارەی نووسی و لە سەر وێناكردنی تایبەتی خۆی بۆ دادوەری درووستیكرد، كە ھەر تاكێك لە تاكەكانی دەوڵەت مافی پەروەردە و فێربوونی ھەیە، دەوڵەتیش پابەند دەكات بەوەی كاری شایستەی پێبدات لە دوای ئەوەی خوێندنی خۆی بەپێی تایبەتمەندی خۆی (بە حوكمی چینەكەی) تەواو دەكات، ئەم رستەیەش دواتر لە خاڵەكانی داھاتوودا لەم راپۆرتەدا شرۆڤەی دەكەین.

ئەرستۆ و ئەفلاتۆن
ئەرستۆ و ئەفلاتۆن تێڕوانینی جیاوازیان لە بارەی ھەبوون و ئەبستمۆلۆجیا

بۆ ئەو شارە، كەسی لە فەیلەسووفەكان بە شایستەتر نەبینی بۆ ئەوەی فەرمانڕەوایی بكەن، لەبەر ئەوە دانایی پێویستیان ھەیە، كە رێگایان پێدەدات دادپەروەری لە نێوان ھاووڵاتیانی شارەكە جێبەجێ بكەن، ھەروەھا بەھۆی ئەوەی ئەوان (فەیلەسووفەكان) توانیویانە گشت قۆناغەكانی قورسی فێربوون لە منداڵییەوە تا 50 ساڵی بیبڕن. بەڵام ئەفلاتۆن شاعیرەكانی لە چوونە نێو شارەكەوە قەدەغەكرد. لە پەرتووكەكانی ئەفلاتۆن، كە وەسفی كۆماری پاكیزە دەكەن، شاعیران وەك نەیار و ناحەزی پڕۆژەی كۆمار  بەدیار دەكەون، چونكە ئەو شارە– لە روانگەی ئەفلاتۆنەوە- دەبێت لەسەر بنەمای عەقڵی درووستبكرێت، بەڵام شاعیرەكان رێگری لە خەڵك دەكەن بۆ ئەوە و لەمیانی ئاڵۆزكردنی مێشكی خەڵك بە چیرۆك و واتای نادرووست لە شیعرەكانیاندا، كە وادەكات مرۆڤایەتی متمانەیان بە ھەبوونی ھیچ پڕۆژەیەكی عەقڵانی و رێكخراو نەبێت.

"نا بۆ دیموكراتییەت.. بەڵێ بۆ كۆیلایەتی"

بۆ ئەوەی لە ھزرە نموونەییەكەی تێبگەین، دەبێت لە سرووشتی كۆمەڵگای یۆنانی تێبگەین كە ئەو تێیدا دەژی، كۆمەڵگای یۆنانی كۆن، كۆیلایەتیی بە شێوەیەكی بەرفراوان جێبەجێدەكرد، زۆربەی دانیشتوانی شاری ئەسینا لە كۆیلە پێكھاتبوو، ئەمەش بە ئاشكرا دیارە لە نووسینەكانی ھۆمیرۆس لە ئەلیادە و ئۆدیسەدا، بەڕای ئەفلاتۆن كۆیلەكان شایستە ھاووڵاتیبوون نەبوون، بەڵكو دەبێت گوێڕایەڵی تەواویان ھەبێت بۆ خاوەنەكانیان. سەیر لەوەدایە ئەفلاتۆن خۆی بە ئەزموونی كۆیلایەتیدا دەرباز بوو، كاتێك بەھۆی ھزرەكانی لە سەقلیا، كە دژ بە خواستی فەرمانڕەواكانی بوون؛ كرا بە كۆیلە، دواتر ھاوڕێكانی كڕیانەوە و لە كۆیلایەتی ئازادیان كرد.

ئەفلاتۆن ھزرەكانی لە بارەی كۆیلایەتی بۆ ئەرستۆی قوتابی خۆی گواستەوە، كە بەڕای ئەو ھەندێك مرۆڤ خوڵقاون بۆ ئەوەی ببن بە كۆیلەی كەسانی دیكە، وەك ئەوەی ئامێر بن و تەنھا كار بۆ خزمەتی مرۆڤی دیكە بكەن و ھیچ ئازادی ویستیان یان ھزركردنەوە نەبێت. ئا لێرەشەوە دەستەواژەی "بەپێی چینەكەی" ھاتووە، كە لە وەسفكردنی شارە پاكیزەكەی ھاتووە، ئەو شارە نموونەییە، چونكە بەپێی تێڕوانینی ئەو، چینایەتی لە نێوان توێژەكانی كۆمەڵگا جێبەجێدەكات و لە رووانگەی ئەفلاتۆن پێگە و پایەی مرۆڤ بە ئاستی زانستیی بەستراوەتەوە.

ئەمەش لە رەتكردنەوەی ئەفلاتۆن بۆ ھزری دیموكراتییەت بەدیار دەكەوێت، كە نابێت مافی دەنگدان بە خەڵكی گشتی بدرێت، چونكە لە روانگەی ئەو، ئەو خەڵكە دانایی و زانستی پێویستیان نییە بۆ حوكمدان لە سەر شتەكان، ھەروەھا سوقراتیش ھەر بە ھۆی ئەو دیموكراتییەتەوە كوژرا؛ كاتێكی خەڵكی گشتی دەنگیان بە لەسێدارەدانی دا؛ چونكە بەپێی تێڕوانینی ئەوان سوقرات بە ھزرەكانی خۆی گەنجەكانی دەشێواند و تێكیانیدەدا. لەو كاتەوە ئەفلاتۆن ھەڵوێستێكی دژ بە دیموكراتییەتی گرتەبەر و لە پەرتووكەیدا "كۆمار" نووسییی: دیموكراتییەت خراپترین سیستەمە لە دوای سیستەمی سەركوتكاری وملھوڕی، روونیشیكردووەتەوە، كێشەی دیموكراتی ئەوەیە، "رێگا بە خەڵكی ئاست نزم دەدات قسە لەسەر پرسی گشتی بكەن". ھەر لە ھەمان پەرتووكدا شرۆڤەیكردووە، چۆن دیموكراتییەت وڵات بەرەو ئاشۆب و دواكەوتن دەبات، كاتێك خەڵكی ئاست نزم بڕیار لە چارەنووسی بدەن و چۆن دواتر خەڵك داوای فەرمانڕەوایەكی بەھێز دەكەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایشی و سەقامگیری كۆمەڵگا.

خێزان "پڕۆژەیەكی كۆمەڵایەتی سەرنەكەوتووە"

لە شاری پاكیزەدا، ئەفلاتۆن مافی ژنھێنان و ھاوسەرگیری لە چینی دانایان و سەربازان دەكشێنێتەوە و مافی سێكسكردنی ئازادی پێدان، ئەمەش بۆ ئەوەی كاتیان ھەبێت بۆ بەرژەوەندی شارە پاكیزەكەیان و پەیوەندییەكانی خێزانی لەكاریان نەخات، ھەرچەندە پەیوەندی خێزانی سۆز و فێنكییان پێدەبەخشێت، بەڵام لە بەرامبەردا – بەپێی تێڕوانینی ئەو- وابەستە و بەندی دەكات بە ترسنۆكی و دوو دڵی و ھەستكردن بە ترس بۆ ئەو خێزانەی خۆشی دەوێت. بەڕای ئەو ھاوسەرگیریكردن تەنھا پڕۆژەیەكی كۆمەڵایەتییە دەبێتە كۆسپ لەبەردەم پێشكەوتنی خودی مرۆڤ و جێبەجێكردنی ئەركەكانی لە بەرامبەر كۆمەڵگا و لە بەرامبەر خۆیشی و گەیشتن بە خەونەكانی و بە نەبوونی چەمكی خێزان، بەمەش بێگومان رۆڵێكی گرنگ لە رۆڵەكانی ئافرەت لەو شارەدا ون دەبێت.

بۆیە كاتێك یەكێك وەسفی خۆشەویستییەكەی بۆ ھاوژینی ئایندەی خۆی دەكات بەوەی "خۆشەویستییەكەی ئەفلاتۆنییە" وەك دەربڕینێكی رۆمانسیانە و خۆشەویستی زۆر؛ ئەم دەربڕینە دوورە لە مەبەست، بەتایبەتی ئەگەر ئەو كەسە تێڕوانینی ئەفلاتۆن بۆ ئافرەت تێبگات.

ئەفلاتۆن
ئەفلاتۆن

لە پەرتووكەیدا "ئەفلاتۆن و ئافرەت" مامۆستای فەلسەفە ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام ھەڵوێستی ئەفلاتۆنی لەمەڕ ئافرەت شیكردووەتەوە و دەڵێت: ئەفلاتۆن ژنی بە بەشێك لە موڵكی پیاو دادەنا كاتێك مارەی دەكات و بەڕەتكردنەوەی بیرۆكەی ھاوسەرگیریكردن، كە لە بنەڕەتدا ئەفلاتۆن تەنھا بە ئامانجێكی بۆ زیادكردنی وەچە دەبینی، نەك بۆ كەوتنە ناو خۆشەویستی و بەشداریكردنی سۆز، بەمەش لە روانگەی ئەو كۆتایی بە رۆڵی ئافرەت دێت و پێویست ناكات جارێكی دیكە ببێتەوە ئافرەت، بۆیە لە شارە پاكیزەكەیدا، دوای كۆتاییھاتنی رۆڵی ئافرەت وەك ئافرەت، دەبێت بچێتە ریزی سوپاوە و فێری ھونەرەكانی جەنگ ببێت و لە رووخساریشەوە خۆی ھاوشێوەی پیاو لێبكات و بەڕووتی و بەبێ شەرمانە بسووڕێتەوە بۆ ئەوەی سیفەتی مێیینە بەتەواوی لەخۆی داماڵێت. ھەروەھا بەڕای ئەفلاتۆن بێچووەدانی ئافرەت تەنھا ئاژەڵێكی دڕندەیە و لە ناو جەستەیدا دەژیت، لە شوێنێكەوە بەرەو شوێنیكی دیكە دەچێت و تووشی نەخۆشیی دەكات.

"خۆشەویستی ئەفلاتۆنی" چییە؟

ھەندێك كەس وا تێدەگەن كە دەربڕین لە خۆشەویستی پاكانە (عوزری) لە نێوان ژن و ئافرەت دەكات، بەڵام تێگەیشتنی ئەفلاتۆن بۆ ئەو خۆشەویستییە بەتەواوی جیاوازە و ئەمەش لە بەر ئەوەی لە یۆنانی كۆندا ھاوڕەگەزبازی بەربڵاو بوو و ئەفلاتۆن ھێرشی كردە سەر فراوانی ئەنجامدانی سێكسی ھاوڕەگەزی، بەڵام نەك لەسەر بنەمای جیاوازی لەگەڵ خۆشەویستی نێوان ژن و پیاو، بەڵكو لەبەر ئەوەی ئەنجامدانی سێكسی ھاورەگەزی بەو شێوە ئاژەڵییە، سووككردنی ئەو خۆشەویستییەی نێوان پیاوانە بەپێی روانگەی ئەو.

بەشێوەیەكی گشتی خۆی زۆر رقی لە ئەنجامدانی سێكسی جەستەیی بوو، لەوەی پەیوەستیشە بە پەیوەندی پیاو بە پیاوەوە ویستی پەیوەندی خۆشەویستی و ھاوڕێیەتی بێت (پاكانە) بێت و سێكس نەكەوێتە نێوانیان بۆ ئەوەی تێكینەدات، بەواتایەكی دیكە، خۆشەویستی لای ئەو باڵاتر بوو لە چەمكەكانی ھاوڕەگەزی سێكسی، نەك خۆشەویستی پاكانەی نێوان ژن و ئافرەت، ئەفلاتۆن سێكس تەنھا لە نێوان پیاو و ئافرەتدا ھێشتەوە بۆ یەك ئامانج ئەویش زیادكردنی وەچەی مرۆڤ.

فەلسەفەی ئەفلاتۆن رەنگدانەوەی ئەو كینە رەگ داكوتراوەی نێو كەلەپوری یۆنانییە و وەك منداڵ یاخو كۆیلەی دەبینی، كە نابێت بەشداری لە ژیانی گشتیدا بكات. ئەمەش بە ئاشكرا لە نووسینەكانی مێژوونووس ھێرۆدۆت دیارە كاتێك چووە میسر، ھاتووچۆی ژنەكان لە رێگاوبانەكان و قسەكردنیان لەگەڵ پیاو و كەسایەتی سەربەخۆیانی بینی، وەسفی ئەو حاڵەتەیكرد، كەوا شتێكی نامۆیه‌ و پەسند نییە.

كۆمەڵگای ئەسینا، كۆمەڵگایەكی باوكسالاری بوو، پیاو "خان" و "موڵكدار"ی گشت مافە مەدەنی و سیاسییەكان بوو، خۆی خاوەن و موڵكداری زەوی و خانوبەرە بوو، ھەر خۆیشی موڵكداری ژن و مناڵەكانی بوو بەواتای تەواوی موڵكدارییەتی، مافی ئەوەی ھەبوو ھەر منداڵێكی لە وجاخی خۆی لە كاتی لە دایكبوونیان رەتبكاتەوە، بۆ ئافرەتیش نەبوو منداڵ لە ناو ببات، ئەگەر حەزیشی لە دایكبوونی نەكردبووایە، ئەمە تووشی سزای دەكرد لە لایەن مێردەكەی و كۆمەڵگاوە، نەك لەبەر ئەوەی كوشتنی مرۆڤێكی زیندووە كە ھێشتا لە دایك نەبووە، بەڵكو لەبەر ئەوەی یاخیبوونە لە مێرد لە ناو كۆمەڵگای ئەسینادا. بۆیە ئەو ھزرانەی لە فەلسەفەی ئەفلاتۆندا دەبینین لە بارەی ئافرەت و خۆشەویستییەوە، ھزرێكی تایبەت بە خۆی و داھێنانی خۆی نییە، بەڵكو ھێڵی ھزری گشتی یۆنان بوو لەو سەردەمەدا. وێڕای جیاوازی كەسانی ئەم سەردەمە لە رووی ھزرییەوە لەگەڵ ئەفلاتۆن، ئەمە ئەو رۆڵە گرنگەی ئەوە لە دانان و دامەزراندنی فەلسەفە و گەیاندنی بە نەوەكانی دیكەی فەیلەسووفەكانی دوای خۆی رەت ناكاتەوە و ھەر پێشەنگ و نموونەیە بۆیان.