چۆڵکردنی کەمپەکان چیرۆكی تراژیدی لێکەوتووەتەوە

ژنێك خۆی و (7) منداڵه‌كه‌ی ناچارکراون بگەڕێنەوە مووسڵ
ژنێك خۆی (7) منداڵه‌كه‌ی ناچارکراون بگەڕێنەوە مووسڵ
ژنێك خۆی (7) منداڵه‌كه‌ی ناچارکراون بگەڕێنەوە مووسڵ

K24 - هه‌ولێر:

بەهۆی پێداگری و سووربوونی حکومەتی عێراق، لەسەر داخستنی کەمپەکان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، هەزاران خێزان نازانن روو لە کوێ بکەن و لە کوێ بژین، لە کاتێکدا بەهۆی ئاوەدان نەکردنەوە و بوونی میلیشیاکان، ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.

ژنێكی ئاواره‌ی مووسڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، کە بەزۆر ناچار کراوە خۆی و (7) منداڵەکەی کەمپی "حەمام عەلیل" چۆڵ بکه‌ن و بگەڕێنەوە مووسڵ، خێرخوازێك خانووێکی پێداوە تێیدا بگیرسێتەوە، هەمیشە بەهیوای ئەوەیە لە جەژندا هاوسەرەکەی بگەڕێتەوە و باوەش بە منداڵەکانیدا بکاتەوە، کە لە دوای شەڕی رزگارکردنی مووسڵەوە بێسەروشوێنە.

دوای ناچارکردنی بۆ بەجێهێشتنی کەمپی "حەمام عەلیل"، دایكی محه‌مه‌د و (7) منداڵەکەی ناچاربوون بگەڕێنەوە مووسڵ و خێرخوازێک خانوویەکی پێدان بۆ ئەوەی لەناویدا بژین.

دایكی محه‌مه‌د گوتی: "بەزۆر دەریان کردین، نەمانزانی بۆ کوێ بچین، هاتینە ئێرە، پیاوێکی خێرخواز ئەم خانووەی پێدایین خۆم و منداڵەکانمی تێدا بحەوێینەوە".

جیا لەوەی وەک پێویست ناتوانێت بژێوی ژیانی خۆی منداڵەکانی دابین بکات، بەڵام خەمی گەورەی ئەو ژنە، گەڕانەوەی هاوسەرەکەیەتی، کە لەکاتی شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵ، لە ساڵی (2016)ەوە شوێن بزربووە، نازانرێت کوژراوە یان زیندانیکراوە.

دایكی محه‌مه‌د گوتیشی: "هەموو خۆزگەیەکەمان ئەوەیە باوکییان بگەڕێتەوە و لە جەژندا منداڵەکان لە باوەش بگرێتەوە، خواردن و خواردنەوە هیچ نییە، تەنیا باوکیان بێتەوە ناومان بۆ ئێمە هەموو شتێکە".

هاوشێوەی سەدان هەزار خێزانی دیکە، دایكی محه‌مه‌دیش بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارە بوو، پێشتر لە مووسڵی کۆن دەژیا، دوای زیاتر لە (4) ساڵ مانەوەی لە ئاوارەیی، دواجار بەهۆی بڕیارێکی حکومەتی عێراقەوە بۆ داخستنی کەمپەکان، ئەو و هەزاران خێزانی دیکە ناچار كران لە کەمپەکان ده‌ربچن.

رێکخراوە مرۆییەکان، نیگەرانن لە بەزۆر دەرکردنی ئاوارەکان لە کەمپەکان، لە کاتێکدا بەهۆی ئاوەدان نەکردنەوە و بوونی میلیشیاکان، ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.

د.ی