دەزگای هەڵبژاردنی پارتی: متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا نەماوە

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی تۆمارکردنی لایەنە سیاسییەکان درێژ دەکاتەوە

K24 - هه‌ولێر:

کۆمیسیۆن ماوەی تۆماری هاوپەیمانی و پێشکەشکردنی ناوی کاندیدانی تا (1)ی مانگی داهاتوو درێژکردەوە و بەرپرسێکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیش رایگه‌یاند، بەهۆی روداوەکانی (16ی ئۆکتۆبەر) متمانە لەنێو لایەنە سیاسییەکان نەماوە، بەرپرسێکی مەکتەبی ناوەندی هەڵبژاردنی حزبی شیوعیش ئاشکرای كرد، لە هاوپەیمانی لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووك کشاوینتەوە و تا ئێستاش هیچ  هاوپەیمانیەتییەك لە نێو لایەنە سیاسییەکان رانەگەینراوە.

لایەنە سیاسییەکان لە دوایەمین قۆناغەکانی ئامادەکارین بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی پەرلەمانی عێراق، سەرقاڵی ئامادەکردنی ناوی کاندیدەکانن، بۆ هاوپەیمانیتیش کەمتر لە (15) رۆژیان لەبەردەمە، بەڵام بەهۆی نەبوونی متمانە، پێناچێت هاوپەیمانی لەنێو لایەنە سیاسییەکان پێکبهێنرێت، بەرپرسێکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی نایشاریتەوە، لەدوای (16ی ئۆکتۆبەر)ه‌وه‌ متمانە نەماوە و ئێمەش نامانەوێت هەندێک لایەنەی سیاسی کێشەی نێوخۆی خۆیان بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئێمە چارەسەر بکەن.

هەوڵی لایەنەکان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداری هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەو هەوڵە تا ئێستا بێ ئەنجامە، مەترسیش لەسەر کورد لە کەرکووك زۆرە، حزبی شیوعیش لەو هاوپەیمانیەتییەی کە لەنێو بەشێك لەلایەنە سیاسیەکانی کەرکووك پێکهێنراوە هاتوەتە دەرەوە و هۆکارەکەشی دەخەنەڕوو.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ماوەی تۆماری هاوپەیمانی تا 1ی ئایار لەبەردەم لایەنە سیاسییەکان درێژکردەوە، کێشە سیاسییەکان و نەمانی متمانە  دوو هۆکاری سەرەکین بۆ ئەوەی لایەنە کوردستانییەکان نەتوانن لە چوارچێوەی یەک هاوپەیمانی کۆببنەوە، شێوازی هەڵبژاردنی ئەمجارەش بۆ کورد لە ناوچە کوردستانییەکان جێگەی مەترسییە، تاکە رێگەش بۆ دەربازبوون لەو مەترسیانە، پێکهێنانی هاوپەیمانیەتی لایەنە سیاسییەکانە ئەمەش بۆ ئەم قۆناغە بە مەحاڵ دەزانرێت.

د.ی