خواست بۆ بەرهەمە سپیاییەکان زیادی کردووە
K24 - ههولێر:
لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر بەرھەمی ناوخۆ بەتایبەت بەرهەمە سپیاییەکان تا دێت زیاتر دەبێت، لە مانگی رەمەزانیش بازاڕی ئەو جۆرە بەرهەمانە زیاتر دەبن، ھاووڵاتییان و فرۆشیاران خوازیارن، حکومەت پاڵپشتی تەواوی خاوەنکار و ئاژەڵداران بکات، تا بەرھەمی زیاتر و باشتر بخەنە بازاڕەکانەوە و ھاووڵاتییان بەتەواوی روو بکەنەوە بەکارھێنانی بەرھەمە خۆماڵییەکان.
ئاژەڵداران، گرفتی کەمی لەوەڕگایان ھەیە، بەڵام کەمی لەوەڕگا کاری نەکردووەتە سەر ئەوەی بەرھەمی کەمتر بخەنە بازاڕەکانەوە، ئەوان لە بری گژوگیای سرووشت، ئێستا دانەوێلەی ساڵانی پیشوو بۆ ئاژەڵەکانیان بەکاردێنن.
بەرھەمە شیرەمەنییە خۆماڵییەکان تا دێت خواست لەسەری زیاد دەکات، بەتایبەتیش لە مانگی رەمەزاندا، ھاووڵاتیان بە رێژەیەکی کەم بەرھەمە ھاوردەکراوه لە قووتوونراوەکان بەکاردێنن.
رۆژانە بەرھەمێکی زۆری شیرەمەنی خۆماڵی، کە لەگوندەکانهوه بەرھەم دەھێنرێن، دەخرێتە بازارەکانەوە، نرخەکانیش جێگیرن، تا خواستەکان زیاتر ببن.
بەرھەمە خۆماڵییەکان، لە رووی تام و تەندروستیشەوە جیاوازی زۆری لەگەڵ ھاوردەکراوەکاندا ھەیە، دووکاندار و ھاووڵاتیانیش بەگرنگی دەزانن پاڵپشتی کەسانی خاوەنکار و ئاژەڵداران بکرێت، تا بتوانن بەرھەمی باشتر و زیاتر بخەنە بازارەکانەوە.
د.ی