لە دوو مانگی رابردوو (140) مۆڵەت بە بریکار و بازرگانان دراوە
K24 - ههولێر:
لە ماوەی چەند مانگی رابردوو زیاتر لە (140) كۆمپانیا و بریكاری ھاوردەكردنی خۆراك مۆڵەتیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی وەرگرتووە، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی ههرێم رایگهیاند، لە مانگی رەمەزاندا هاوردەكردنی خۆراك لەبەر زۆری خواست زیاد دەبێت، فرۆشیارانیش ئاماژهی بهوه كرد، ھۆكاری ئەو هاوردەكردنه زۆرە نەبوونی خۆراك و بەرھەمی خۆماڵییە، کە نەیتوانیوە بازاڕی ناوخۆ پڕبکاتەوە، ئەوەش وایکردووە هاوردە (98%)ی کاڵای بازاڕی پێکبهێنێت.
گرنگترین پێداویستی و سەرەكیترین خۆراك بۆ ھاووڵاتیان بە گوتەی بازرگانان و دوكاندارەكانیش (98%) لە دەرەوەی كوردستان ھاوردە دەكرێت و ھیچ بەرھەمی خۆماڵیش لەناو بازاڕەكاندا نییە، بەشێك لە دوكاندارارەكان لەو بڕوایەدان بەرھەھێنان و پڕۆسە و كارەكانی لە كوردستان زۆر سەختە و بۆیە بازرگانەكان زیاتر روو له ھاوردەكردن دهكهن.
بە گوتەی نەوزاد کامیل، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی، ساڵانە مۆڵەت بە بریكار و بازرگانەكان دەدرێت، ئاشکرایشی كرد تەنیا لە (2) مانگی رابردوودا (140) مۆڵەت دراوە و ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی ویست و داخوازی خەڵك بۆ خۆراك زۆرترە.
لەماوەی چەندین ساڵی رابردوو ھەرێمی كوردستان بووەتە بازاڕێكی بەرھەمە بیانییەكان و وڵاتێكی تەواو بەكارھێنەر و كەمتر بازرگان روایانكردووەتە دروستكردنی كارگە و گرینگیدان بە بەرھەمی خۆماڵی و وەك ھاووڵاتیانیش باسی دەكەن متمانە بە بەرھەمی ناوخۆیی ناكرێت بە ھۆی كوالیتی و لە مانگی رەمەزانیشدا ویست و داخوازی و بەكارھێنان زۆرتر دەبێت و ھاوردەكردنی خۆراكیش زیاتر لە وڵاتانی توركیا و ئێران دەكرێت.
د.ی