پارێزگاری هه‌ولێر: دەزگا ئەمنییەکان راسپێردراون لە زووترین کاتدا ئەنجامدەرانی ئەو تاوانه‌‌ بدۆزنه‌وه‌

"سوکایەتیکردن بەپیرۆزییەکانی خەڵك دوورە لە ئاکاری خەڵکی شاری هەولێر و بەهیچ شێوەیەك ئه‌و تاوانه‌ قابیلی قەبووڵکردن نییە"
پارێزگای هه‌ولێر
پارێزگای هه‌ولێر

K24 - هه‌ولێر:

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دڵنییا دەکەینەوە، دەزگا ئەمنییەکان راسپێردراون لە زووترین کاتدا ئەنجامدەرانی ئەو تاوانه‌ دەدۆزرێنەوە و بەسزای یاسایی خۆیان دەگەن.

پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و رەفتارە ناشایستەیه‌، کە ئامانج لێی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و فیتنەگێڕییە لەشارەکەمان، دوورە لە ئاکار و رەوشتی خەڵکی شاری هەولێر و بەهیچ شێوەیەك قابیلی قەبووڵکردن نییە.

ده‌قی راگەیێندراوی پارێزگاری هه‌ولێر:

سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆیەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وەک سوکایەتیکردن بەپیرۆزییەکانی خەڵك، لاپەڕەکانی قورئانی پیرۆز بە دڕێندراوی لە یەكێك لە شەقامەكانی شاری هەولێر بڵاوکراوەتەوە، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی دڵنییا دەکەینەوە، دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون لە زووترین کاتدا ئەنجامدەرانی ئەو تاوان و رەفتارە ناشایستەیه‌، کە ئامانج لێی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و فیتنەگێڕییە لەشارەکەمان، دەدۆزرێنەوە و بەسزای یاسایی خۆیان دەگەن.

ئەو جۆرە رەفتارە ناشایستە و دوور لەبەها ئەخلاقییە، دوورە لە ئاکار و رەوشتی خەڵکی شاری هەولێر و بەهیچ شێوەیەك قابیلی قەبووڵکردن نییە و هەر كەس و لایەنێك لە پشت ئەنجامدانی بێت بە سزای خۆیان دەگەن.

ئومێد خۆشناو

پارێزگاری هه‌ولێر

2021.4.23