نێچیرڤان بارزانی: داوامان کردووە بەخێرایی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان دروست بکرێت

"چەندین جار حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش ئاگاداركردووەتەوە"
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی پەلاماری شەوی رابردووی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە زوورگەزراو بڵاوکردەوە و رایگەیاند "چەندین جار حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و سوود وەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگاداركردووەتەوە".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: "لێرەدا جارێكی دیكە داوا لە پەرلەمان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەكەین، بەخێرایی كاربكەن لەسەر دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دا لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان".

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک' هەرێمی کوردستان:..

كاتژمێر 12:30ی شەوی رابردوو، چەكدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە نزیك گوندی قایەباشی لە سنووری شارۆچكەی پردێی پارێزگای كەركووك، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە كە بە قارەمانانە بەرەنگاری داعش بوونەوە، گیانیان لەدەستدا و شەهیدبوون. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەرسێ پێشمەرگەی شەهید دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.

ئێمە چەندین جار حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و سوود وەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگاداركردووەتەوە. هێرشی شەوی رابردووی داعش لەو میحوەرەی پێشمەرگەدا هاوكات بووە لەگەڵ چەند هێرشێكی دیكەی داعش دا.

لێرەدا جارێكی دیكە داوا لە پەرلەمان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەكەین، بەخێرایی كاربكەن لەسەر دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دا لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، بۆ ئەوەی چیدیكە ئەو ناوچانە وەك كۆریدۆری جموجۆڵە تیرۆریستییەكان لەلایەن داعشەوە بەكارنەهێندرێت، چونكە ئەوە مەترسییەكی زۆر گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی هەموو ناوچەكە و جیهان. هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەپێناو دروستكردنی ئەو هاوبەشی و هاوئاهەنگییە بەشێوەیەكی خێرا.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

1ی ئایاری 2021