پێشمەرگە ئامادەیە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان ئۆپەراسیۆن دژی داعش بکات

هێزی پێشمەرگە مەرجێکی بۆ هێزەکانی عێراق داناوە

K24 - هەولێر

بەرپرسی فەرماندەی پردێ و رۆژئاوای کەرکووک-ی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند، بە راشکاوی بە هێزەکانی عێراقیان گوتووە، کە ئامادەن بە هاوبەشی ئۆپەراسیۆن بۆ ناوچەکانی داعش ئەنجامبدەن، بەو مەرجەی هەر شوێنێک پێشمەرگە بیگرێتەوە لێێ ناکشێتەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە.

نووری حەمە عەلی، بەرپرسی فەرماندەی پردێ و رۆژئاوای کەرکووک-ی هێزی پێشمەرگە بە کوردستان24ی گوت: "وەک پێشمەرگە ئامادەییمان دەربڕیوە لەگەڵ سوپای عێراق ژووری عەمەلیات دروستبکەین و بەشێوەی مەیدانی پێکەوە کاربکەین. پێشتریش بە سەعید حەرب فەرماندەی هێزەکانی عێراق لە کەرکووکمان گوت، ئێمە ئامادەیین هەر شوێنێک بە مەترسی دەزانن هێزی پێشمەرگە دەچێت، بەڵام بە مەرجێک ئەو شوێنانەی کۆنترۆڵی دەکەین ناکشێینەوە".

گوتیشی: "ئێمە دووساڵە هۆشداریمان داوە لەبارەی شانە نوستووەکانی داعش، ئەوکاتە بەرپرسە سەربازییەکانی عێراق دەیانگوت داعش لەناوچووە. ئێستا ئەگەر سوپای عێراق نێتە پێشەوە و هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە نەکەن، مەفرەزەکانی داعش فراوانتر دەبن و زیانی زیاتر دەگەیەنن، بۆیە پێویستە دۆخەکە لە ئێستاوە کۆنترۆڵ بکرێت".