كه‌سوكاری پێشمه‌رگه‌: شه‌هیده‌كانمان بەرگریان لە خاکی کوردستان كرد و لە پێناو پاراستنی خاکی کوردستاندا شەهید بوون

"بۆ ئێمه‌ سه‌ربه‌رزییه‌ كه‌ له‌سه‌ر خاك و نیشتمانی خۆی شه‌هید بووه"

K24 - هه‌ولێر:

ژمارەیەک چەکداری داعش پەلاماری ھێزەکانی پێشمەرگەیان دا و پەلامارەکەشی لەلایەن ھێزی پیشمەرگەوە تێکشکێنراوە و (3) پێشمەرگە بەو ھۆیەوە شەھید بوون، کەسوکاری پێشمەرگەکان دەڵێن کوڕەکانیان زیاتر لە (14) ساڵە پێشمەرگەن، بەرگری لە خاکی کوردستان دەکەن و هەر لە پێناو پاراستنی خاکی کوردستان شەهید بوون.

لەکاتژمێر 12:30 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی (1ی ئایار) لە سنووری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر خاڵێکی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوە دروستبوو، بەھۆیەوە (3) پێشمەرگە شەھید بوون و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندارن. نەقیب "پشتیوان زراری" یەکێکە لە شەھیدەکانی ئەم شەڕە و لەدایکبووی ساڵی (1980)یە، باوکی سێ منداڵە، کە دوو کوڕ و کچێکن، دەرچووی کۆلێژی سەربازییە، نەقیب پشتیوان لە گوندی کودەریان لە دەڤەری زرارەتی لەدایکبووە و ھەر لەو گوندەش بەخاکدەسپێردرا، کەسوکارەکەی دەڵێن (14) ساڵە پێشمەرگەیە و لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕبووە، له‌ پێناوی كوردستاندا گیانی فیداكردووه‌، ئێمه‌ش ئاماده‌ی گیان فیداكردنین.

ھێزەکانی پێشمەرگە، لەگەڵ ئەوەی ھێرشەکەی داعشیان تێکشکاند و زیانێکی زۆری گیانیان پێگەیاند، بەڵام دوو شەھیدی دیکەی پێشمەرگەش ھەبوو ھەر لەو سەنگەرەی پێشمەرگە، شەھید "ھێمن یەحیا" کە تەمەنی (34) ساڵە و خاوەنی چوار منداڵە و ھەروەھا شەھید "ئیدریس بەھرام"یش یەکێکی دیكه‌یه‌ لە شەھیدەکانی پێشمەرگە، یه‌كێك له‌ برایه‌كانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌شه‌هیدبوونی براكه‌م سه‌ربه‌رزین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی پارستنی كوردستانه‌، بۆ ئێمه‌ سه‌ربه‌رزییه‌ كه‌ له‌سه‌ر خاك و نیشتمانی خۆی شه‌هید بووه‌.

ئەو سەنگەرەی پێشمەرگە دەکەوێتە نزیک بەرزاییەکانی زورگەزراو و شێراوە و نزیکە لە سەنگەرەکانی سوپای عێرا و لیوای (10)ی پێشمەرگەش لەو سەنگەرە جێگیرن، دژەتیرۆری ھەرێمی کوردستان راگەیه‌ندراوێکی لەبارەی شەڕەکەی پێشمەرگە و داعش لە سنووری پردێ بڵاوکردەوە و رایگه‌یاند، پێشمەرگە توانیویانە ھێرشی تیرۆریستان تێکبشکێنن و ئێستا بارودۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی پێشمەرگەدایە وەزارەتی پێشمەرگەش کوژرانی ژمارەیەکی زۆری چەکداری داعشی لە شەرەکە راگەیاندووە.

د.ی