بەهۆی بڕیارێکی حکومەتی عێراق زێڕنگران 40 ملیۆن دۆلار زه‌ره‌رمه‌ندبوون

عێراق رێگا نادات زێڕ لە فرۆکەخانەکانی کوردستانەوە هاوردەبکرێت
زێڕنگرانی هەرێمی کوردستان دەیان ملیۆن دۆلار زیانیان به‌ركه‌وتووه‌
زێڕنگرانی هەرێمی کوردستان دەیان ملیۆن دۆلار زیانیان به‌ركه‌وتووه‌

K24 - هه‌ولێر:

لە كۆتایی مانگی ئابی ساڵی 2020 بە بڕیارێکی حکومەتی فیدراڵ، هاوردەکردنی زێڕ لە فڕۆکەخانەکانی کوردستان راگیرا و ئەمەش زیانی دەیان ملیۆن دۆلاری لە زێڕنگرانی هەرێمی کوردستان داوە.

هندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگران بە کوردستان24ی راگەیاند، بەهۆی بڕیارێکی حکومەتی عێراقەوە ناتوانین زێڕ هاوردە بکەین لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش زیانێکی گەورەی بۆ زێڕنگران هەبووە، گوتیشی ئێستا ئەگەر هەر زێڕێك هاوردەبکرێت دەبێت لە فڕۆکەخانەکانی عێراقەوە هاوردەی بکەین.

وەرتی لە درێژەی قسەکانیدا گووتی، بڕیارەکەی حکومەتی عێراق لە رێگای واتسئاپ و ڤایبەرەوە بووە، ئێمە بەهۆی ئەو بڕیارە لەو ماوەیەدا 30 تا 40 ملیۆن دۆلار زیانمان پێگەیشتووە.

لەبارەی راگرتنی هاوردەکردنی زێڕەوە "ئەحمەد هۆشیار" بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان 4ی راگەیاند، ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق تەنیا بۆ هاوردەکردنی زێڕە، سەرجەم کاڵاکانی دیکە لە رێگای فڕۆکەکانی کارگۆوە دەتواندرێت هاوردە بکرێت.

ئەحمەد هۆشیار ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق، شایەنی باسە لە کۆی 5 فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی لە عێراق کە ( هەولێر-سلێمانی- بەسرا- بەغدا- نەجەف) تەنیا هەردوو فڕۆکەخانەی نەجەف و بەغدا مۆڵەتی هاوردەکردنی زێریان هەیە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24یش حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەر کیلۆیەك زێڕ بڕی 250 هەزار دینار وەک باج وەردەگرێت، بەڵام حکومەتی عێراق زیاتر لەو بڕە لە زێڕنگران وەردەگرێت.

گووتەبێژی سەندیکای زێڕنگران بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، قاچاخچیەتی زێڕ هەیە، بە شێوەیەك زێڕ بە قاچاغ هاوردە دەکرێت و بە قاچاغیش هەناردە دەکرێت.

گووتیشی داواکارین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دروستکردنی ژووری زێڕ جێبەجێبکەن، بە هاوبەشی لەگەڵ سەندیکای زێڕنگران، وەرتی پێی وایە ئامانجی سەرەکی دروستکردنی ئەو ژوورە بە ناوەندکردنی هەرێمی کوردستان بۆ بازرگانی زێڕ، هەروەها لە رێگای ئەو ژوورەوە داتای ورد و زانیاری ورد لەسەر بازاڕی زێر کۆدەکرێنەوە و رێگریش دەکەین لە قاچاغچیێتی زێڕ.

لە ساڵی 2012 لە رێگای فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە 86 تۆن زێڕ هاوردەکراوە، زۆرترین زێڕی هاوردەکراویش کە بڕەکەی 114 تۆن بووە لە ساڵی 2013 بووە، کە زیاتر لە سەدا 70ی ئەو زێڕە بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق هەناردەکراوە، لە دوای دروستبوونی قەیرانی داراییش لە ساڵی 2014 هاوردەکردنی زێڕ بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە بە جۆرێك لە ساڵی 2019 تەنیا 26 تۆن زێڕ هاوردەکراوە.

 

م.هـ