مۆته‌كه‌ی شه‌ڕ هه‌زاران ئه‌فغانی رووبه‌ڕووی ئاواره‌یی ده‌كاته‌وه‌

دوای تەواوبوونی وادەی كشانەوەی ئەمەریكا.. تاڵیبان ھێرشێكی گەورەی ئەنجام دا
ئەفغانستان
ئەفغانستان

K24 – ھەولێر:

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌ میدیاییه‌كان بە ھەزاران هاووڵاتی ئەفغانی ناچاربوون ماڵەكانیان بەجێبێڵن لە ئەنجامی سەرھەڵدانەوەی شەڕی توند لە نێوان ھێزەكانی حكومەتی ئەفغانستان و چەكدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ویلایەتێكی باشوور، ئەمەش ھاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی كشاندنەوەی سوپای ئەمەریكا بۆ ئه‌و ھێزانەی ماوییەتی لە ئەفغانستان.

یەكشەممەی رابردوو، سوپای ئەمەریكا بنكەیەكی ھێزەكانی له‌ ویلایه‌تی هێلمه‌ند راده‌ستی حكومەتی كابووڵ كرده‌وه‌ و ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هێرشی تاڵیبانه‌ له‌ دوای ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته‌.

سەید محەمەد رامیین، بەڕێوەبەری كاروباری پەنابەران ئاشكرایكرد، نزیكەی ھەزار خێزان لە ماڵەكانی خۆیان رایانكردووە لە ترسی ئەو شەڕەی لە دەوروبەری شاری "لەشكرگاھ"ی پایتەختی ویلایه‌تی ھێڵمەند و چەند ناوچەیەكی دیكەی ویلایەتەكە ھەڵگیرساوە.

ئاماژەشیكرد، لە میانی دوو رۆژی رابردوودا لەو ناوچانە شەڕی تێدا توند بووە ئەو خێزانانەی رایانكردووە بەرەو لەشكرگاھ رۆیشتوون.

رامین بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە: "سبه‌ی لێكۆڵینەوە لە پێداویستییەكانیان دەكەین بەڵام ژمارەیەكی زۆریان، كە شوێنی حەوانەوەیان دەستنەكەوتووە پێویستیان بە ھاریكاری بەپەلە ھەیە".

وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان رایگەیاند، ھێزەكانی نزیكەی 100 چەكداری لە ھێزەكانی تاڵیبان لە ھێڵمه‌ند كوشتووە، كاتێك هێزه‌كانی تاڵیبان ھێرشیان كردووه‌تە سەر چەند خاڵێكی پشكنین لە دەروازەی شاری لەشكرگاھ و 22 چه‌كداری دیكه‌ی قاعیده‌ لە پاكستان له‌و شه‌ڕه‌دا كوژران.

بەرپرسان ئاشكرایانكرد، كەوا لە سەرەتادا چەكدارانی تاڵیبان دەستیان بەسەر ھەندێك خاڵی پێشكنیندا گرت، بەڵام ھێزەكانی حكومەتی كابووڵ دووبارە كۆنترۆڵیان كردەوە دوای ئەوەی بەرپەرچی چەكدارەكانی تاڵیبانی دایەوە.

سەرۆكی ئەنجوومەنی ویلایەتی ھەڵمەند، عەتائوڵڵا ئەفغانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "ئێستا دوژمن تەواوی ئەو ناوچانەی داگیركردبوون لەدەستیدانەوە و زیانێكی زۆریان بەركەوتووە".

لە لایەن خۆیەوە تاڵیبان رایگەیاند، بەدەیان لە سەربازانی ئەفغانستان لە شەڕەكاندا كوژراون و باویشە ھەردوو لایەن زێدەڕۆیی لە مەزندەكردنی زیانەكانی لایەنی بەرامبەر دەكەن.

شەڕ لە چەندین ویلایەتی دیكە روویانداوە دوای ئه‌وه‌ی له‌ یه‌كی ئایاره‌وه‌ ھێزەكانی ئەمەریكا دەستیانكردووە بە كشانەوەی ئەو 2500 سەربازەی ماون لە ئەفغانستان.

پێنتاگۆن لە بایەخی ئەو شەڕانەی كەمكردەوە و گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، جۆن كێربی، ئەمڕۆ دووشەممە گوتی: "تاكو ئێستا ھیچ شتێكی ئەوتۆمان نەدیوە كە كاریگەری ھەبێت لەسەر كشانەوە، یاخود كاریگەرییەكی گەورەی ھەبێت لەسەر ئەركی ئێستامان لە ئەفغانستان".

دوای 20 ساڵ لە ھێرشكردنە سەر ئەفغانستان لە لایەن ھێزەكانی ئەمەریكا و ھاوپەیمانەكانی لە پەیمانی باكووری ئەتڵەسی و رووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان لە دوای ھێرشەكانی (11ی ئەیلوول/سێپتەمبەری 2001)، سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن لە نیسانی رابردوویەوە فەرمانی دا بە كشانەوەی تەواوی ھێزەكانی لەو وڵاتە.

ھێرشەكانی تاڵیبان بۆ سه‌ر ھێزەكانی حكومەتی ئەفغانستان مەترسی ئەوەی لێدەكرێت ھێزەكانی ئەمەریكاش لە میانی كشانەوەیاندا دووچاری ھەمان شت ببنەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ئەنتۆنی بلینكن، دوێنێ دووشەممە رایگەیاند، ویلایەتە یەكگرتووەكان "رێكاری توند" دەگرێتەبەر، ئەگەر ھێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان دووچاری ھێرش بوونەوە.

لە میانه‌ی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بلینكن گوتی: واشنتن "نیازی وایە بەردەوام بێت لە پشتیوانیكردنی ئەفغانستان".

گوتیشی: "ئێمە لە ئەفغانستان دەكشێینەوە، بەڵام لە رووی دیپلۆماسییەوە بە ھەماھەنگیكردن لەگەڵ ھاوپەیمانانمان كارا دەبین".

ئاماژەشیكرد، ویلایەتە یەكگرتووەكان به‌رله‌وەی بڕیاری كشانەوە لە ئەفغانستان بدات بە تێروتەسەلی لەگەڵ ھاوپەیمانانی لە ناتۆ راوێژی كردووە ".

ئەمەریكا رۆژی 30ی نیسان بەپێی پلانی سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن، دەستی بە كشاندنەوەی ھێزەكانی لە ئەفغانستان كرد.

كشانەوە ئەمەریكا لە ئەفغانستان
كشانەوە ئەمەریكا لە ئەفغانستان