سكۆتلەندا "هەڵبژاردنی سەربەخۆیی" ئەنجام دەدات

ئەمڕۆ، 6ـی ئایاری 2021، هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنە خۆجێییەكانی بەریتانیادا، لە سكۆتلەندا هەڵبژاردنێكی گرنگ و چارەنووسساز بە ئاڕاستەی وەرگرتنی سەربەخۆیی ئەو وڵاتە لە بەریتانیا، ئەنجام دەدرێت.
سكۆتله‌ندییه‌كان سوورن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی
سكۆتله‌ندییه‌كان سوورن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ، 6ـی ئایاری 2021، هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنە خۆجێییەكانی بەریتانیادا، لە سكۆتلەندا هەڵبژاردنێكی گرنگ و چارەنووسساز بە ئاڕاستەی وەرگرتنی سەربەخۆیی ئەو وڵاتە لە بەریتانیا، ئەنجام دەدرێت.

هەڵبژاردنەكە لە كاتێكدایه‌ كە بەرەی سەربەخۆییخوازان لەڕووی پێكهاتەی سیاسیی و حزبییەوە تووشی دابەشبوونێكی قووڵ هاتوون، بەڵام وەك ستراتیژ و ئەولەوییەت ئەنجامدانی ریفراندۆمی دووەمی سەربەخۆیی سكۆتلەندا، سەرتۆپی بابەتە گەرم و پرسەكانی هەڵبژاردنە.

هەڵبژاردنەكەی ئەمجارەی سكۆتلەندا، بە تەنها كاریگەریی لەسەر ئەو وڵاتە نییە، بەڵكو بەشەكانی دیكەی هاوشێوەی وێڵز و ئێرلەندای باكووریش بە وریاییەوە چاوەڕێی ئەنجامەكانی دەكەن. بۆیە ئەنجامەكەی، وەك سەركردە سەربەخۆییخوازەكان دووپاتیان كردووەتەوە، ئەگەر بە زۆرینەی كورسییەكانی سەربەخۆییخوازەكان بشكێتەوە، ئەوا بە رەزامەندی یان بەبێ رەزامەندی لەندەن، ریفراندۆمی دووەمی سەربەخۆیی ئەنجام دەدەن.

پاشخانی په‌یوه‌ندی سكۆتلەندا و بەریتانیا

سكۆتلەندا، بەشێكە لەو پێكهاتانەی كە شانشینی بەریتانیای یەكگرتوو "United Kingdom "ـیان پێكهێناوە، لەگەڵ هەریەكە لە ئینگڵاند، وێڵز و ئێرلەندای باكوور. لە مێژوودا سكۆتلەندا هەمیشە سەربەخۆ بووە. بەڵام لە ساڵی 1707ـەوە، بەپێی رێككەوتنێك سكۆتلەندا بوو بەشێك لە بەریتانیای گەورە. لەو كاتەوە بە شێواز و قۆناغی جیاواز هەوڵی بەدەستهێنانەوە سەربەخۆیی دەدات. دوا هەوڵی لە ساڵی 2014ـدا بوو، بەڵام نەیتوانی سەركەوتن بە دەستبهێنێت. ئێستا هەوڵ دەدرێت ئەم هەڵبژاردنە بۆ سەرخستنی سەربەخۆیی دەستەبەر بكرێت.

راستییه‌كان له‌ باره‌ی هەڵبژاردنەكە

پەرلەمانی سكۆتلەندا لە ساڵی 1999ـەوە دامەزراوە. 129 ئەندامی هەیە. هەر 5 ساڵ جارێك هەڵبژاردنی پەرلەمانیی بەڕێوەدەچێت، ئەمە دەبێتە شەشەمین پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە سكۆتلەندادا. هەر حزبێكیش لەم هەڵبژاردنانەدا زۆرترین كورسی بەدەستبهێنێت ئەوا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رادەسپێردرێت.

دەسەڵاتەكانی پەرلەمانی پەیوەندیدارە بە پرسە ناوخۆییەكانی سكۆتلەنداوە، لەوانەش پەروەردە و فێركردن، تەندروستی و سیستەمی باج و پرسە هاوشێوەكانی دیكە.

هەرچی پرسە گرنگەكانی دیكەیە كە رەهەندی گشتگیر و نێودەوڵەتییان هەبێت، ئەوا لەلایەن پەرلەمانی بەریتانیاوە بڕیاری لەبارەوە دەدرێت، كە سكۆتلەندا لە پەرلەمانی بەریتانیادا 59 كورسی هەیە.

لەم هەڵبژاردنەدا، بۆ یەكەمین جار، دەنگدەرانی تەمەن 16 ساڵ بۆیان هەیە دەنگ بدەن. بۆیە چاوەڕێ دەكرێت رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكەدا زیاتر بێت لە ئەزموونەكانی پێشوو. 

كچە كوردێك وەك یەكەمین پەناهەندە لە مێژووی سكۆتلەندادا كێبەركێی سەربەخۆیی دەكات
كچە كوردێك وەك یەكەمین پەناهەندە لە مێژووی سكۆتلەندادا كێبەركێی سەربەخۆیی دەكات

ڕیفراندۆمی دووەمی سەربەخۆیی "IndepRef2"

سەركەوتنی پارتی ناسیونالیستی سكۆتلەندایی "SNP" لە ساڵی 2011ـدا و بردنەوەی زۆینەی كورسییەكانی پەرلەمانی سكۆتلەندا تەنها لەبەر ئەو هۆكارە بوو كە ئەو حزبە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كردبووە ئامانجی خۆیی و بابەتی سەرەكی مەنیفێستۆی هەڵبژاردن. بۆیە پاش سەركەوتنی، سەرەنجام لە ساڵی 2012ـدا حكوومەتی لەندەنی ناچار بە ڕێككەوتن لەبارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی 2014، كرد. رێككەوتنەكە پێی دەگوترێت ڕێككەوتننامەی "ئێدینبرە" كە لە 15ـی ئۆكتۆبەری 2012ـدا لەنێوان ئەلێكس سالمەند، سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی سكۆتلەندا و دەیڤد كامیرۆن، سەرۆكوەزیرانی ئەودەمی بەریتانیادا واژۆ كرا.

ئەگەرچی تا چەند ڕۆژێكی كەم پێش ڕێفراندۆمەكە سەرجەم ڕاپرسییەكان ئاماژەیان بە سەركەوتنی كەمپەینی "بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دەكرد" 3 ڕۆژ پێش دەنگدانەكە حكوومەتی بەریتانیا كۆمەڵێك هەڕەشە و فشاری ئابووریی خستەڕوو كە وایكرد بەشێكی زۆری دەنگدەران بۆچوونی خۆیان بگۆڕن. سەرەنجامیش نزیك بە 55% دەنگیان لە بەرژەوەندی مانەوە لەگەڵ بەریتانیادا دا.

لەپاش ڕیفراندۆمی ساڵی 2016 ـی بەریتانییەكان تایبەت بە دەرچوونیان لە یەكێتی ئەوروپا "Brexit"، ئەگەرچی زۆرینەی دانیشتوانی بەریتانیا دەنگیان بە دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا دا، بەڵام سكۆتلەنداییەكان بەڕێژەی 61% دەنگیان بە مانەوە لە یەكێتی ئەوروپا دا. هەر لەو كاتەوە باسوخواسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی سكۆتلەندا سەری هەڵدایەوە.

ئەم هەڵبژاردنە تەوەرە هەرە سەرەكییەكەی پرسی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمی دووەمی سەربەخۆییە. ئەگەرچی لەندەن ڕەتی دەكاتەوە كە ئەمجارە ڕێگەی پێ بدات، بەڵام سەربەخۆییخوازەكان دەڵێن ئەگەر ئێمە جارێكی دیكە گەلی سكۆتلەندا متمانەمان پێ بداتەوە، بنەمای یاسایی و دیموكراسی بۆ سەربەخۆیی دەستەبەر دەبێت و لەندەن ڕازی بێت و نەبێت، ڕیفراندۆمەكە هەر ئەنجام دەدرێت.

لە ئاداری ئەمساڵدا حكوومەتی سكۆتلەندا پرۆژەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ڕاگەیاندووە. كە كاردانەوەی توندی حكوومەتی بەریتانیای لێكەوتووەتەوە.

تا ئێستا ڕاپرسییەكانی پێش دەنگدان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بەرەی سەربەخۆییخوازان زیاتر لە نیوەی كورسییەكان دەبەنەوە. ڕێكخراوی بەناوبانگی "YouGov" ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە پێدەچێت هەرسێ لایەنی سەربەخۆییخواز لە سكۆتلەندا پێكەوە زیاتر لە 60%ـی دەنگەكان بۆخۆیان ببەن.

سەربەخۆییخوازەكان پەرت و دابەش بوون

ئەوەی جیاوازە لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەیە كە بەرەی سەربەخۆییخوازەكان دابەش بوون و وەك حزبی جیا جیا بەشداری هەڵبژاردن دەكەن. پارتی ناسیونالیستی سكۆتلەندایی "SNP" كە ئێستا خاوەنی 61 كورسییە لە پەرلەمانی سكۆتلەندا و لە ساڵی 2011ـەو حوكمڕانی ئەو وڵاتەیە دروشم و ئامانجە سەرەكییەكەی بە سەرۆكایەتی خاتوو (نیكۆڵا ستێرجن)ـی سەرۆكوەزیرانی ئێستا، سەربەخۆییە.

بەڵام لە بەرانبەردا، سەرۆكوەزیرانی پێشوو (ئەلێكس ساڵمەند) كە خۆی ڕابەرایەتی ڕیفراندۆمەكەی ساڵی 2014ـی كرد، لە پارتی "SNP" جیابووەتەوە و حزبێكی نوێی بە ناوی "Alba" پێكهێناوە. ئەمیش دروشمەكەی سەربەخۆییە. بەڵام كار و كاردانەوەی توند لەنێوان هەردوو حزبەكەدا لە میانەی كەمپەینی هەڵبژاردنەكەدا هەبووە و هەردوولایان كاریان لەسەر دەنگدەرانی یەكتر كردووە. ئەگەرچی بە بۆچوونی "ساڵمەند" ئەمە لە كۆتاییدا لە بەرژەوەندی دەنگی سەربەخۆییخوازاندایە.

هاوكات پارتی سەوزی سكۆتلەنداییش كە سەربەخۆییخوازە پشتگیری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دووەم دەكات، بەڵام لە پرسەكانی دیكەدا زۆر لەگەڵ دوو حزبەكەی دیكەدا ناكۆكە.

كچە كوردێك وەك یەكەمین پەناهەندە لە مێژووی سكۆتلەندادا كێبەركێی سەربەخۆیی دەكات
(ڕۆزە ساڵح) لەسەر لیستی پارتی ناسیونالیستی سكۆتلەندای سەربەخۆییخواز كاندیدی سەرەكییە لە شاری "گلاسكۆ"

كچە كوردێك وەك یەكەمین پەناهەندە لە مێژووی سكۆتلەندادا كێبەركێی سەربەخۆیی دەكات

لەم هەڵبژاردنەدا، خانمە كوردێكی لاو و چالاك بە ناوی (ڕۆزە ساڵح) لەسەر لیستی پارتی ناسیونالیستی سكۆتلەندای سەربەخۆییخواز كاندیدی سەرەكییە لە شاری "گلاسكۆ". (ڕۆزە) لە بنەڕەتدا خەڵكی باشووری كوردستانە و لە ساڵی 1989 لە شاری كەركووك لەدایكبووە. لە ساڵی 2001ـەوە لەگەڵ خانەوادەكەی چوونەتە سكۆتلەندا. چالاكوانێكی ئەكتیڤی بوارەكانی مافەكانی مرۆڤ و بە تایبەتیش مافی پەنابەرانە.

لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "The Times"ـی بەریتانیدا دەڵێت: من هەر لە منداڵییەوە بە خەباتكردن بۆ سەربەخۆیی و ئازادی ڕاهاتووین و من لە خێزانێكی خەباتكاردا چاوم كردووەتەوە. ئێستاش شانازی دەكەم كە دەرفەتی چوونە نێو پەرلەمانی سكۆتلەندام بۆ ڕەخسێنراوە و بۆ سەربەخۆیی سكۆتلەندا خەبات بكەم."

(ڕۆزا)، بەهۆی بزێوی و كارابوونییەوە لە پرسە جیاوازەكاندا بە "كچەكەی گلاسكۆ – The Glasgow Girl" ناسراوە. بەگوێرەی ڕاپرسییە بەراییەكان چانسی سەركەوتنی زۆرە و چەندینجاریش پێكەوە لەگەڵ (نیكۆڵا ستێرجن) كەمپەینیان كردووە. (ڕۆزا) یەكەمین پەناهەندەیە كە لە مێژووی سكۆتلەندادا بتوانێت مافی كاندیدبوون لە هەڵبژاردنەكاندا مسۆگەر بكات و كێبەركێ بكات.

ئەنجامەكان كەی بە دیاردەكەوێت؟

وا پێشبینی دەكرێت كە پاش تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان، لە ماوەی 72 كاتژمێردا ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە ڕابگەیەنرێت. واتە دەگاتە شەوی شەممە یانیش سەرلەبەیانی ڕۆژی یەكشەممە.