ئه‌ڵمانیا: ئیسرائیل مافی خۆیه‌تی به‌رگری له خۆی بكات
K24 – هه‌ولێر:
حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا، رایگه‌یاند، ئیسرائیل مافی خۆیه‌تی به‌رگری له خۆی بكات و رووبه‌ڕووی هێرشه‌كان ببێته‌وه.
گوته‌بێژی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا، شتیڤن زایبرت، رایگه‌یاند، ئیسرائیل مافی خۆیه‌تی به رووی ئه‌و هێرشانه بوه‌ستێته‌وه و به‌رگری له خۆكردن مافێكی ره‌وایه.
گوتیشی: ئه‌ڵمانیا به توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه مووشه‌كیانه ده‌كات كه له كه‌رتی غه‌ززه‌وه ده‌كرێنه سه‌ر ئیسرائیل.
هه‌روه‌ها گوتی: ئامانجی ئه‌و هێرشه مووشه‌كیانه‌ی ده‌كرێنه سه‌ر ئیسرائیل، كوشتنی هه‌ڕه‌مه‌كیانه‌ی خه‌ڵكه و پێویسته ئه‌و هێرشانه بوه‌ستێنرێن و هیچ شتێك پاساوی ئه‌و توندوتیژییه نییه.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، كریستۆڤه‌ر بۆرگر، گوتی: هێرشه‌كانی حه‌ماس نابنه به‌رگری له خۆكردن، به‌ڵام ئیسرائیل مافی خۆیه‌تی به‌رگری له خۆی بكات.
هاوكات له دوو رووداوی جیادا، له به‌رده‌م دوو په‌رستگه‌ی جووله‌كه‌دا له شاری بۆن و مۆنستر 16 كه‌س ده‌ستگیركران، به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ئاڵای ئیسرائیلیان سووتاندووه.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس