كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانی عێراق دهستی به "پرۆسهی موحاكات" كردووه
K24- ههولێر:
کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دهستی به (پرۆسەی موحاکات) کردووە، کە تایبهته به تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دهنگدان و دڵنیابوون لە شێوەی کارکردنیان و رێگریكردنیان لە ساختەکاریەکانی دەنگدان، شارەزایەکی بواری ھەڵبژاردنیش دەڵێت: ئامێرەکان چەنده پێشکەوتووش بن و رێگری لە ساختەكارییهكانی ھەڵبژاردن بکەن، بەڵام دواجار دەستێکی دەرەکی ھەیە کە بە دەنگی ساختە کاندیدی ناشایستە دەکاته پەرلەمانتار.
ئهو پرۆسهیه بە چوار قۆناغ دەستی پێکردووە و ھاوشێوەی دەنگدانێکی ئەلیکترۆنی ئاساییە، ئەو کۆمپانیایەی ئامێرەکانی دابینکردووە، بە چەند فەرمانبەرێکی کۆمسیۆن تاقیدەکاتەوە، بۆ ئهوهی لە رووی تەکنیکی و ساختەکردن، چۆنێتی دەرخستی ئەنجام و گەیاندنی بە نوسینگەی سەرەکەی کۆمسیۆن لە رێگهی مانگی دەستکردهوه دڵنیا ببنهوه، كه دواجار راھێنانێکیشە بە فەرمانبەرانی كۆمسیۆن بۆ شارهزابوونی زیاتر لهو ئامێرانه.
لهوبارهیهوه سهتار عادل، بەڕێوهبەری فەرمانگەی ئۆپهراسیۆنەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: "ئامانج لە پرۆسەی موحاکات بۆ دڵنیا بوونەوەیە لە ئامێرەکان لە رووی ھاردوێر، سۆفتوێر و شێوازی گەیاندن، تاوهکو بزانین داتا و ئەنجامەکان لە بنکەکانی دەنگدانەوە چۆن دەگەنه ئۆفیسی سەرەکی، ھاوکات ھەڵسەنگاندن بۆ ئەو کۆمپانیایە دەکەین، کە گربێستەمان لهگهڵی کردووە و دهبێت بزانین چۆن کارەکان ئەنجام دەدەن و دڵنیامان بکەنەوە کە ھیچ کێشەیەك دروست نابێت لە گەیاندنی داتاکان و ئەنجامەکان پارێزارو دەبن. تا دەگاتە ئۆفیسی گشتی و تەواوی پرۆسەی دەنگدان بێ کێشە و گرفت بەرێوەدەچێت یان نا".
وێڕای چاودێری چڕی نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، لە سەرجەم ھەڵبژاردنەکانی رابردووی عێراق، بەشی ھەرە زۆری لایەنە سەرەکیە بەشداربووەکان له ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان رازی نهبوونه، بەجۆرێك کە زۆر جار شەڕ و پێکدادانی بەدوای خۆیدا ھێناوە، تەنانەت لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018، کۆگای سندوقەکانی دەنگدان لە بەشی رەسافەی بەغدا سوتێنرا و لە ئەنجامدا جارێکی دیكه دهنگهكانی ناو ههموو ئهو سندوقانهی گومانیان لهسهر بوو، بهدهست ههلاوێر كرانهوه، ههر لهوبارهیهوه هادي عيسا، شارەزای بواری ھەڵبژاردن دەڵێت: ئامێرەکان چەند پێشکەوتوبن و رێگری لە ساختەی ھەڵبژاردن بکەن، بەڵام دواجار دەستێکی دەرەکی ھەیە، کە بە دەنگی ساختە کاندیدی ناشایستە دەکات بە پەرلەمانتار.
ئهو شارهزایه جهخت دهكاتهوه، لهڕووی گزیكارییهوه لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوو بینیمان، کە ئامێری زۆر پێشکەوتوو ھەبوون، فۆرم و مۆری زۆر باش ھەبوون، کە بە ھیچ جۆرێك ساختەی پێ نهدهكرا، بەڵام دەستێك ھەبوو لە ناو کۆمسیۆن و دەرەوەی کۆمسیۆنیش، کە ھەندێك کاندیدیان کرد بە پەرلەمانتار، كه شایستە نەبوون، چونکە دەنگی پێویستیان بەدەست نەھێنا".
بریارە لە 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت، کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش قۆناغی ئامادەکاریەکانی تەواو کردووە ، 16 ملیۆن دەنگدەر تۆماری بایۆمەتریان کردووە و 3523 کەسیش خۆیان کاندیدکردووە.
H.B