چەکی یەکڕیزی و زانست و ئیرادە!

Kurd24

1- چەکی یەکڕیزی:

بەهێزترین چەک بۆ زامنی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و زاڵ بوون بەسەر هەموو ئاستەنگ و هەڕەشەکانی قۆناغی ئێستا و داهاتوو، بریتیە لە چەکی یەکڕیزی، ئەو چەکەی کە لە کۆنفڕانسی (یەکڕیزی و دەستور)دا لەلایەن هەموو بەشداربووانەوە تەئکیدی لێکرایەوە.

لێرەدا گرنگە ئەو راستییە بزانین، کەوا هەموو وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان، لەسەروی هەمووشیانەوە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هۆی چەکی یەکڕیزیەوە توانیویانە دەستورێکی مەزن بنوسنەوە و رێزەکانی ناوخۆ یەک بخەن، بۆ ئەوەی بەسەرکەوتوویی سەرکردایەتی جیهان بکەن.

لەم چوارچێوەیەدا گرنگە ئێمەی کوردیش سوود لە ئەزموونی (دەستووری) ئەمەریکا و وڵاتانی پێشکەوتوو وەربگرین تاکو بتوانین دەستورێک بۆ هەرێم بنووسینەوە کە لە ئاست داخوازی و خەون و خولیای نەوەی ئێستا و نەوەکانی  داهاتوودا بێت.

2- چەکی زانست:

مرۆڤ چەقی سروشت و ژیانە و خاوەنی پێکهاتەیەکی سایکۆلۆژی ئاڵۆزە، بەڵام هەمیشە هەوڵیداوە بیر بکاتەوە بۆ ئەوەی دەوروبەر و ژینگەی خۆی بناسێت، بەمەبەستی گەیشتن بە حەقیقەتی ژیان، ئەویش لە رێگای بەدەستهێنانی چەکی زانست، چونکە چەکی زانست هێز و دڵنیایی بە مرۆڤ دەبەخشێ، بە پێچەوانەشەوە نەبوونی چەکی زانست کەسایەتی مرۆڤ لاواز دەکات و توشی راڕایی و دڵەڕاوکێی دەکات، وەک دەبینین مرۆڤی سەدەی بیست و یەک بەهێزتر و باوەڕبەخۆبووترە لە مرۆڤی سەدەکانی ناوەڕاست و چەرخی بەردین، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم باوەڕبەخۆبوونەش دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەوتن و گۆشدانی مرۆڤی ئەم سەردەمە بە چەکی زانست، بە پێچەوانەی مرۆڤی کۆن و چەرخی بەردین، کە بە هۆی نەبوونی چەکی زانستەوە، ژیانی پڕ بووە لە ترس و دڵەڕاوکێ بەرامبەر بە دیاریدە سروشتییەکان، چەندین نەوە ژیانیان بەم حاڵەوە بەڕێکردووە، دواتر بەرەبەرە مرۆڤ هەنگاوی ناوە بەرەو بەکارهێنانی عەقڵی بۆ لێکدانەوەی رووداوەکانی ژینگە و دەورووبەری، تاکو گەیشتونەتە قۆناغی ئەمڕۆ کە هەموومان بڕوامان بەم رستەیە هەیە کە دەڵێت: زانست هێزە و نەزانین لاوازیە!

وەک دەبینین ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ سەرقافڵەی پێشکەوتنی جیهان دەکەن، هەموویان لە رێگای چەکی زانستەوە گەیشتونەتە ئەو ئاستە لە هێز و توانا، لەسەرووی ئەو وڵاتانەش ئەمەریکا وڵاتانی ئەوروپا....هتد

ئێمەی کورد لە رابردوودا لەلایەن داگیرکەرانەوە هەمیشە داپڵۆسێنراوین و کەسایەتیمان روشێنراوەو تێکشکێندراوین، ئەم جۆرە مامەڵەیەی دوژمنانیش لە پێناو دەستنەگەیشتنی کورد بووە بە چەکی زانست، بۆ ئەوەی مرۆڤی کورد رۆژێک لە رۆژان نەبێتە مرۆڤێکی چەکدار بە زانست و داوای مافی خۆی بکات! بەڵام خۆشبەختانە ئەو سەردەمە گوزەشت، ئێستا سەدەی بیست و یەکە و کوردیش خۆی پێ کەمتر نیە لە نەتەوەکانی تری ناوچەکە و جیهان، لەو پێناوەشدا کورد هەوڵدەدات خۆی بەهێز بکات بە چەکی زانست، هەروەک شاعیری گەورەی کورد (ئەحمەد موختار بەگی جاف) دەفەرموێت:

بخوێنن، چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوشمنتان

هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە...

3- چەکی ئیرادە:

ئەگەر بەخێرایی چاوێک بە مێژووی ووڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا بخشێنین دەبینین لە کاتی بونیاتنانی وڵاتەکانیان خاوەنی سەرخان و ژێرخانێکی بەهێزی (ئابوری و سیاسی و سەربازی) نەبوون، بەڵام خاوەنی (چەکی ئیرادە) بوون، کە بەهۆیەوە توانیویانە ژێرخان و سەرخانێکی پتەو بۆ وڵاتەکانیان دروست بکەن، بۆ نموونە:

1- وڵاتی ئیماراتی عەره‌بی یەکگرتوو:

(50) ساڵ لەمەوبەر واتە ساڵی (1971) کاتێک ئیمارات بڕیاری سەربەخۆییدا، بیابانێکی رووت بوو، زۆربەی دانیشتوانی خێڵەکی بوون و لە ژێر خێوەتدا دەژیان، (ئەبوزەبی) پایتەختیش خاوەنی یەک نەخۆشخانەش نەبوو.

ئێستاش خۆتان دەزانن بەهۆی چەکی (ئێرادە)ەوە ئیمارات گەیشتووه‌تە چ ئاستێک لە پێشکەوتن و درووستکردنی ژێرخان و سەرخانی ئابووری و سیاسی و سەربازی و تەکنەلۆژی!

2ـ وڵاتی ئیسرائیل:

(73) ساڵ لەمەوبەر، واتە ساڵی (1948) کاتێک ئیسرائیل بڕیاری سەربەخۆبوونیدا، نە خاوەنی ژێرخان بوون، نە خاوەنی سەرخان، بەڵام خاوەنی (چەکی ئیرادە) بوون، کە بەهۆی ئەم چەکەوە هەموو تاکێکی جوولەکە لە سەرانسەری جیهان رۆڵی خۆی بینی، کرێکارەکان پارەیان دەدا و لۆبی جوولەکە لە هەموو جیهاندا دروست بوو.

چل هەزار کەس بوونە سەرباز و شەڕی دەوڵەتە عەرەبییەکانیان کرد و سەرکەتووش بوون، هەموو دراوسێکانیان دژی درووستبونی دەوڵەتی ئیسرائیل بوون، سەرەڕای ئەو دژایەتیەش (داود بنگۆریۆن) دەوڵەتی ئیسرائیلی درووستکرد، لە کاتێکدا کە ئیسرائیل نە خاکی هەبوو، نە هێزی هەبوو، نە هیچ پایەیەکی بە دەوڵەتبوون و تەنانەت بە هەرێم بوونیشی هەبوو، بەڵام لەمانە هەمووی گرنگتر، خاوەنی چەکی (ئیرادە) بوو.

ئێستاش دەبینین بە هۆی چەکی ئیراده‌وە ئیسرائیل تاکە وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە خاوەنی چەکی ئەتۆمیە و بەو هۆیەشەوە بەهێزترین وڵاتی ناوچەکەیە، ئەگەرچی ئێستاش ئیسرائیل دەوڵەتێکی فرە دوژمنە، بەڵام بە هۆی یاسا و دیموکراسی ناوخۆیی و چەکی ئیرادەوە ئیسرائیلیەکان بوونەتە قەڵغان و پەرژینێکی قایم بەرامبەر بە دوژمنەکانیان.

ئەم دوو نموونە و دەیان نموونەی تر، بە هۆی چەکی (ئیرادە)ەوە بوونەتە خاوەنی دەوڵەتى خۆيان، ئاستى پێشکەوتنی هەمووشیان دەگەڕێتەوە سەر ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگاکەیان بۆ خەباتکردن له پێناو بنياتنانى دامودەزگای پێشکەوتووی یاسایی و دیموکراسی و مەدەنى.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین لە ئێستادا دەرفەتێکی لەبار بۆ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان هاتووه‌تە ئاراوە، تاکو لە رێگای هەرسێ چەکی (یەکڕیزی و زانست و ئیرادە)ەوە دەستورێکی هاوچەرخ بۆ هەرێمی کوردستان بنوسنەوە، ئەویش بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندە ئەکادیمیەکان و زانکۆکان و یاساناسان و بیرمەندان و نوێنەری هەموو پێکهاتە و چین و توێژەکان و....هتد.

٭ کارۆخ خۆشناو

(سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی)