(غاندی و برنادشۆ) چی دەڵێن!

Kurd24

ئێمەی مرۆڤ بە یەک میکانیزم دروست دەبین، بەڵام بە شێوازی جیاواز دەژین و چیرۆکی رەنگاوڕەنگ دەنەخشێنین، لە کۆتاییشدا زوو یان درەنگ هەموومان ماڵئاوایی لەژیان دەکەین.

لێرەدا گرنگە مرۆڤ لەم ژیانە کورتەدا بۆ خۆی بژێت و باوەڕی بەخۆی هەبێت و کاریگەری و شوێنپەنجەی خۆی لە چیرۆکی ژیان بنەخشێنێت، بەواتایەکی دیكه‌ پێویسته مرۆڤ پاڵەوانی چیرۆکی ژیانی خۆی بێت، ئەمەش کاتێک دەکرێت کە مرۆڤ خۆی چیرۆکی ژیانی خۆی بنووسێتەوە، نەوەک لە ژێر کاریگەریی ژیانی خەڵکانی دیكه‌ ژیانی خۆی لە بیربچێت و ببێتە فڵچەی دەستی نیگارکێشێک، یان ببێتە داشی دامە، یان (سەربازی شەتڕەنج)ی چەند کەسێک!

ئەوەی تۆ دەیبینی و ئەوەشی نایبینی! سەرەتا هەمووی بیرۆکە و خەونی چەند مرۆڤێکی وەکو تۆ بوون، بە شەونخۆنی و باوەڕبەخۆبوون توانیان شوێنپەنجەیان لەسەر تابلۆی ژیان بنەخشێنین، بێ گوێدانە پرتەوبۆڵە و ئیرەیی و حەسودی خەڵکانێک کە هیچیان لەباردا نییە و خۆیان ناتوانن شوێنپەنجەیان دیار بێت و دژی ئەو کەسانەش دەوەستن کاتێک کارێکی نوێ ئەنجام دەدەن!

لەم چوارێوەیەدا غاندی دەڵێت:

 "هەر مرۆڤێک کارێکی نوێ ئەنجام بدات بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت: قۆناغی یەکەم خەڵک گاڵتەی پێدەکەن و پێی پێدەکەنن، ئەگەر لەم قۆناغەدا خۆڕاگر بوو، ئەوا دەچێتە قۆناغی دووەم و لەم قۆناغەشدا خەڵک جنێوی پێدەدەن و تەشهیری پێدەکەن، ئەگەر لەم قۆناغەشدا خۆڕاگر بوو، ئەوا دەچێتە قۆناغی سێیەم کە قۆناغی سەرکەوتنە".

تۆ کاتێک بە نیازیت چیرۆکی ژیانت جیاواز بێت، نابێت کۆڵبدەیت و لە تیر و توانجی خەڵک بترسیت، چونکە ئەگەر سەیری ژیانی کەسانی سەرکەوتوو بکەیت لەسەر ئاستی جیهان، بە سەدان نموونەی سەرکەوتوو دەبینین، کە بە هەوراز و نشێووی زۆردا تێپەڕیوون تاکو گەیشتوون بە ئامانجەکانیان، بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک ئەمەریکادا ژیانی سێ کەسایەتی بووەتە جێگای سەرنجی خەڵک، ئەوانیش:

 (ستیڤ جۆبز) داهێنەری ئایفۆن و (بیڵ گێتس) داهێنەر و خاوەنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و (مارک زوکەربێرگ) داهێنەر و خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، چونکە ئەم کارەکتەرانە و دەیانی دیكه‌ لەکاتی کارکردن بۆ ئامانجەکانیان رووبەڕووی چەندین سەختی و نەهامەتی بوونەتەوە، بەڵام کۆڵیان نەداوە و بەردەوام بوون تاکو گەیشتوون بە داهێنان و ئامانجەکانیان.

لە کۆتاییدا دەڵێم مرۆڤ لەم ژیانە کورتەدا نابێت لە سەرزەنشتی خەڵک بترسیت و هەروەها ناشبێت بە پیاهەڵدان لەخۆبایی بێت، بەڵكو پێويستە لات ئاسایی بێت، کاتێک خەڵکانێک بە ئینسافەوە مامەڵەت لەگەڵ ناکەن، بەسەرهاتێکی خۆشی برنادشۆ هەیە، رۆژێک لەمەجلیسێکدا دەڵێت:

"لە بەرگدرووەکەم بە ئینسافترم نەبینیوە، ئەوانیش دەڵێن بۆچی؟ ئەويش دەڵێت چونکە هەر شەش مانگ جارێک کە دەچمە لای بەرگدرووەکەم قیاسی نوێم وەردەگرێت و لەسەر قیاسی کۆن ناڕوات!

 

٭ سەرۆکی ئەنستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی